له ژێر هه‌ڕه‌شه و گوشاره‌كاندا ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به كرده‌یی ده‌ستیپێكرد
K24 - هه‌ولێر:
ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیپێكرد و بڕیاره كاتژمێر 8:00ـی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه 25/9/2017 له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، ده‌رگای بنكه‌كانی ده‌نگدان و سندووقه‌كان، به‌ڕووی هاووڵاتیاندا بكرێنه‌وه. هه‌ر چه‌نده هه‌وڵ و فشارێكی زۆر له لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ و جیهانه‌وه بۆ دواخستن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درا و به هۆكاری دابه‌شكردنی عێراق و درووستكردنی كێشه و گرژی و درووستكردنی كاریگه‌ری خراپ بۆ جه‌نگی داعش ناویان بردووه.
به‌ڵام ئێستا شه‌قام و كوچه و كۆڵانه‌كانی ناوچه‌كانی كوردستان به ئاڵا ره‌نگ سوور و سپی و سه‌وز و خۆره پرشنگداره‌كه‌ی رازێنراوه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر زۆرێك له تابلۆكان نووسراوه "ئێستا كاتی ریفراندۆمه - به‌ڵێ بۆ كوردستانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد".
مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مریكا و بریتانیای بۆ دواخستنی ریفراندۆم ره‌تكردووه‌و له دواین گوتاریدا له كه‌رنه‌ڤاڵه سه‌دان هه‌زار كه‌سییه‌كه‌ی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "ئێستا بڕیار كه‌وتووه‌ته ده‌ست گه‌لی كوردستان و له ده‌ست ئێمه نه‌ماوه".
به‌ڵام توركیا هێشتا لێدوانه تونده‌كانی دژی ریفراندۆمه‌كه رانه‌گرتووه‌و له ترسی جیابوونه‌وه‌ی كوردستان به زمانی هه‌ڕه‌شه و به ناوبردنی دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا، به‌رده‌وامه له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
بینالی یڵدرم، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا رۆژی هه‌ینی گووتی: "ریفاندۆم ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا و ئه‌نقه‌ره ئه‌وه‌ی پێویست بێت بۆ پارێزگاریكردن له خۆی ده‌یكات، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌ك بخاته‌ڕوو".
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیاش، له پاش كۆبوونه‌وه 3 كاتژمێرییه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینیدا، هه‌مان ئه‌و قسانه‌ی له‌سه‌ر ریفراندۆمه‌كه كردووه، كه سه‌رۆكوه‌زیران له دیداره ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌كه‌یدا كردبووی".
به‌ڵام بارزانی له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "دەمانەوێت و ھەوڵیش دەدەین ریفراندۆم كاریگەریی بەسەر پەیوەندییەكانمان نەبێت، بە ئاشكرا دەمانەوێت ئەم پەیامە بە بەرپرسانی توركیا بدەین كە خۆیان لە زمانی ھەڕەشە بپارێزن، چونكە قه‌بووڵی ناكەین".
هوشیار زێباری،ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، به رۆیته‌رزی گوتووه: "ئه‌وه دواین هه‌نگاوی پێشبڕكێی كۆتاییه و ده‌ستی لێهه‌ڵناگرین".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناچاریی نییه، به‌ڵام زۆربه‌ی كورد وایده‌بینێت، ریفراندۆم ده‌رفه‌تێكی مێژووییه بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی سایكس - پیكۆ تێپه‌ڕی كه له لایه‌ن بریتانیا و فه‌ڕه‌نساوه نه‌خشه‌ی سنووری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كێشرا و نزیكه‌ی 40 ملیۆن كوردیان به‌سه‌ر عێراق و سووریا و توركیا و عێراقدا دابه‌شكرد.
زێباری ده‌ڵێت: "دواخستنی ریفراندۆم به‌بێ گه‌ره‌نتییه‌ك كه له توانایدا بێت به‌غدا پابه‌ند بكات و ببێته بناغه‌ی دانووستان وه‌ك "خۆكوژییه‌كی سیاسییه بۆ سه‌ركرده‌كانی كوردستان و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كورد".
یه‌كیك له مه‌ترسییه سه‌ره‌كییه‌كانی ریفراندۆم بۆ عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به تایبه‌تی توركیا، شاری كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمه و جگه له زۆرینه‌ی كورد، عه‌ره‌ب و توركمانیشیان تێدا نیشته‌جێیه، بۆیه توركیا یه‌كێك له بیانووه‌كانی ئه‌وه‌یه ده‌ڵێت: "پاراستنی توركمانه‌كان ئه‌ركی تایبه‌تی ئێمه‌یه".
هه‌روه‌ها شیعه مه‌زهه‌بیش هه‌ن كه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئیراندایه و به‌و هۆیه‌وه ده‌رگای نیگه‌رانییان بۆ ئیران زیاتر واڵاكردووه.
به‌ڵام هوشیار زێباری ده‌ڵێت: "پێشبینی هه‌ندێك ناڕه‌حه‌تی له‌وانه ده‌كه‌ین كه دژی ریفراندۆمن، به‌ڵام سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خۆمان له هیچ توندوتیژییه‌كه‌وه ناگلێنین و نامانه‌وێت پاساویان بۆده‌ستوه‌ردان و گومانكردن له ده‌ره‌نجامه‌كان بده‌ینه ده‌ست".
ژماره‌یه‌ك وڵاتی جیهان و دراوسێی كوردستان، ده‌ترسن سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كێشه‌ی ئیتنی و تائیفی درووست بكات، به‌ڵام مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له كه‌رنه‌ڤاڵه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی هه‌ولێردا ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی گووتی: "له‌سه‌رمانه بۆ به‌ده‌ستهینانی سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو باجێك بده‌ین و ئێمه ئازادیمان له پاشكۆیه‌تی و داپلۆسن پیباشتره" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه مافی دیاریكردنی چاره‌نووسیان بۆ گه‌لی كورد ده‌سته‌به‌ر كردووه دوای جه‌نگی داعش".
فشاره‌كان هه‌رچی بووبن و هه‌رچییه‌كی دیكه‌ش بێته پێشه‌وه، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان له كه‌رنه‌ڤاڵه جه‌ماوه‌ریی و لێدوانه میدیاییه‌كاندا، ده‌نگدانیان به سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندووه‌و پێناچێت پاش ئه‌وه‌ی كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌نگیان بۆ ریفراندۆم داوه، ئیتر پرسی دواخستنی بابه‌تێك نییه جاریكی دیكه ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم بیری لێبكاته‌وه، چونكه ئه‌و به‌دیله به‌هێزی كه بۆ ریفراندۆم داوا ده‌كرا تا كورد بخاته سه‌ر ریگایه‌كی ئاسانتر بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌خراوه‌ته به‌رده‌ست، كاتی ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه، ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌نجامه‌كانی ریفراندۆم نه‌رم بكه‌ن و خۆیان بۆ گفتوگۆكانی پاش ریفراندۆم ئاماده بكه‌ن، كه بارزانی گووتی: "ئاماده‌ین ماوه‌یه‌كی باش له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین".