مالیكی و ژمارەیەك رۆژنامەنووسی كورد ژوورێكی عەمەلیات دروست دەكەن

نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان: هەر چالاکییەك لە دەرەوەی یاسا بێت بۆ نانەوەی فیتنەیە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی چەند زانیارییەك نووری مالیكی،سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ئەو شۆڤێنییانەی کە دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، لەگەڵ ژمارەیەك میدیاکاری کوردستان، ژوورێکی عەمەلیاتیان بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان پێکهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی باسنیوز، بە پشتیوانیی نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، ژوورێکی عەمەلیاتی میدیایی بە مەبەستی دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان و هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە و ژمارەیەك رۆژنامەنووسی هەرێمی کوردستانیش لەوانەی كە بە پاساوی جیاجیا دژایەتی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان دەكەن، لەو ژوورەدا ئەندامن.

ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، راگەیاند: "بەپێی یاساکانی پەرلەمان، بە تایبەتی یاسای ژمارە (35)، هەر شتێک پەیوەندی بە میدیا لە کوردستان هەبێت، دەبێت لە رێگای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە بێت، بۆیە هەر چالاکییەك لە دەرەوەی یاساکانی پەرلەمان و رێنماییەکانی سەندیکا، نایاساییە و بۆ نانەوەی فیتنەیە".

ھەر سەبارەت بەو باسەوە حەیات مەجید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە باسنیوزی گوتووە: "ئەو هێرشانە بە هەر جۆر و هەر شێوەیەك بێت، ناتوانێت کار لەسەر ناشرینکردنی دۆزی گەلێك بکات، چونکە گەلی کوردستان خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی و کەس ناتوانێت دژی ئەو ئیرادەیە بوەستێتەوە".

گوتیشی: "ئەوانەی لە دژی کوردستانن و لەگەڵ بەغدا دەستیان تێکەڵ کردووە، ناتوانن رێگری لە ئیرادەی گەل بکەن، بۆیە دەبێت بزانین ئەوانە ناتوانن رێگری لە هیچ پێشکەوتنێکی کوردستان بکەن".

ئەمە لە كاتێكدایە جگە لەوەی لەوكاتەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، مووچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لە عێراق بڕاوە، لەم ماوەیەشدا مالیكی چەندین لێدوانی دژی سەربەخۆیی كوردستانداوە.