رووسیا داوای له رژێمی سووریا كردووه له‌گه‌ڵ كورد ده‌ست به گفتوگۆ بكات
K24 - هه‌ولێر:
رووسیا داوای له رژێمی سووریا كردووه، له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رۆژئاوای كوردستان كه ئێستا ناوی "فیدراڵییه‌تی باكووری سووریا"ـیه، ده‌ست به گفتوگۆ بكات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له حكومه‌تی رووسیا رایگه‌یاندووه: "مۆسكۆ هه‌وڵ ده‌دات كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بۆ ئه‌نجوومه‌نه خۆجێییه‌كانی ناوچه ئارامه‌كان له دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا سازبكات، ئامانجی ئه‌وه‌یه زیاتر لێكتێگه‌یشتن درووست بێت و ده‌ست به نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ سووریا بكرێت".
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "رووسیا وای ده‌بینیت و به پێویستی ده‌زانێت، ناوچه خۆسه‌رییه‌كان و ناوچه ئارامه‌كان، له داهاتوودا ببنه به‌شێك له سیستمی لامه‌ركه‌زی له سووریا".
پێشتریش رووسیا پاڵپشتی خۆی بۆ سیستمی لامه‌ركه‌زی و ته‌نانه‌ت فیدراڵیش له سووریا راگه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر هاتوو سوورییه‌كان له نێوان خۆیاندا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ن.
له میانی ئه‌و دانووستانانه‌ی له ئه‌ستانا به‌ڕێوه‌چوون، پرۆژه‌یه‌كی رووسی راگه‌یه‌نرا كه باسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووریكی نوێی بۆ سووریا ده‌كرد و له‌ناو ئه‌و ده‌ستووره نوێیه‌شدا ئاماژه به سیستمی لامه‌ركه‌زی و فیدراڵی كرابوو".
به‌ر له چه‌ند رۆژێكیش، وه‌لید موعه‌لیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به كه‌ناڵێكی رووسی راگه‌یاندبوو كه "دیمه‌شق ئاماده‌یه ده‌رباره‌ی سیستمی لامه‌ركه‌زی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد بكات".