پوتین: رووسیا ده‌ستوه‌رناداته‌ پرسی كوردستان

"راگرتنی نه‌وتی كوردستان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێك نییه‌"

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ 4-10-2017 ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاند: "رووسیا ده‌ستوه‌رناداته‌ پرسی كوردستانی عێراق و هه‌ڵسوكه‌وتی مۆسكۆ به‌ ئاراسته‌یه‌كه‌ كه‌ نایه‌وێت ره‌وشه‌كه‌ گرژی تێبكه‌وێت و ئێمه‌ هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ ده‌ده‌ین".

له رێوڕه‌سمی ده‌ستپێكردنی كۆڕبه‌ندی وزه‌ی رووسیا له‌ مۆسكۆ كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت،سه‌رۆكی رووسیا، ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری راگرتنی نه‌وتی كوردستان گووتی: "له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه‌ نه‌وتی كوردستان رابگرێت و ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت".

سه‌رۆكی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ "رووسیا په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی به‌تین و باشی له‌گه‌ڵ كوردستان هه‌یه‌ و ئێمه‌ له‌ كێشه‌ی نێوان كوردستان و عێراق هیچ ده‌ستوه‌ردانێك ناكه‌ین و لایه‌نه‌كان بۆ گفتوگۆ بانگهێشت ده‌كه‌ین".