نوجێفی ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان و پرسی ریفراندۆمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێ

ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌خاته‌ به‌رده‌ستی عه‌بادی و سه‌ركرده‌ی وڵاتان

K24 - هه‌ولێر:

ئوسامه‌ نوجێفی، جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری "نیشتمانی بۆ قه‌یرانه‌كان" و پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك راده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8/10/2017 جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق رایگه‌یاند: "ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان‌ و پرسی ریفراندۆمی كوردستانه‌ دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی و ئاماژه‌دان به‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی".

هه‌روه‌ها ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ستی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تان و كوتله‌ سیاسییه‌كان".

ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی نوجێفی پاش رۆژێكه‌ له‌ دیداری نێوان خۆی و ئه‌یاد عه‌لاوی جێگرانی سه‌رۆككۆماری عێراق له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

پێده‌چێت ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و چوار خاڵه‌دا بێت كه‌ فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند، ئامادەبووانی كۆبوونەوە, لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێككەوتن.

1- دەستپێكردنی گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بۆ هێوركردنەوەی باروودۆخەكە.

2- كۆبوونەوەكان لەسەر ئەجێندای كراوە ئەنجام بدرێن.

3- هەڵگرتنی دەستبەجێی سزاكان لەسەر هەرێمی كوردستان.

4- دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان لە داهاتووێكی نزیكدا، بە پشت بەستن بە ئالیەتێكی تایبەت بۆ هەماهەنگی بەردەوام.