بارزانی: هەرێمی كوردستان به‌ ئەجیندایەكی كراوە ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا

لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و ڕێگەگرتن لە گرژی ئه‌ڵمانیا ئاماده‌ی هاوكارییه‌

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: " هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێكی بۆ گرژی و ئاڵۆزی نەناوە و بەبێ مەرج و ئەجیندایەكی كراوە ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا".

ئه‌مرۆ سێشەممە 10ـی 10ـی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ "سیریل نان" باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری گووتی: "گەلی كوردستان لە پڕۆسەیەكی ئاشتیانەدا دەنگی داوە و ڕیفراندۆم دەرخەری ئیرادەی گەلی كوردستانە".

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كاردانەوەكانی دوای ڕیفراندۆم بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند: "سەقامگیری و سەلامەتیی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە. داوایشی كرد كە هەولێر و بەغدا بە ئاراستەی گرژی و ئاڵۆزكردن هەنگاو نەنێن".

هه‌روه‌ها ئامادەیی ئەڵمانیاشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی هەردوولا بۆ ئەوەی بكەونە گفتوگۆ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و ڕێگەگرتن لە گرژی، چونكە گرژی و ئاڵۆزی بە زیانی هەردوولا دەبێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی ئەڵمانیای كرد.