حه‌شدی شه‌عبی ژیان له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك تاڵ ده‌كات

له‌ناو بازاڕ و كۆڵان و شه‌قامه‌كاندا به‌رده‌وامن له‌ گرتن و ئازاردان و سوكایه‌تیكردن به‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌

K24 - هه‌ولێر:

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ڤیدیۆیه‌كی ناوشاری كه‌ركووكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی یه‌خه‌یان به‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ گرتووه‌و ده‌یانگرن و ته‌قه‌ ده‌كه‌ن به‌سه‌ریاندا و هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ژن و پیاودا ناكه‌ن و سوكایه‌تییان پێده‌كه‌ن".

له‌سه‌ر گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی نوسیووه‌ "ئەم گرتە ڤیدیۆیە پێشکەشە بەوانەی دەڵێن کەرکوک ئارامەو بگەڕێنەوە، خۆزگە ئەوانەی کەرکوکیان فرۆشت خۆشک و دایک و خێزانی خۆیان دەهێنا لەکەرکوک دایاندەنا و ئەوجا بەخەڵک دەڵێن وەرن لێرە لەژێر دەستیان دانیشن، خودا ریسواتان بکات وا ئاوهاتان لەو میلەتە کرد، بەرنامە وابوو ئەوەی دوێنێ لەپردێ رویدا لە تازە خورماتو رویبدایە و ئەمریکا ببێتە ناوبژیوان".

هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی: "دڵنیابن ئێمەی کەرکوکی و دووز و خانقین و ناوچەکانی تر تا لەژیان ماوین ئەم سوکایەتی و هەرزانفرۆشییەمان بیر ناچێت  وەدڵنیابن بەم کارانەتان ناتوانن برایەتی نێوانمان تێکبدەن وەک ئەوەی لە سلێمانی و هەولێر کردتان، بەڵکو یەکڕیزیمان بەهێزتر دەبێت و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە نەک بە عەدەم تەعەروزی حەشد".

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كانی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، باڵێكی یه‌كێتی ‌ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق رێككه‌نیان كردووه‌و به‌ فه‌رمانی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران كه‌ركووك و خورماتوو و خانه‌قین و قه‌زا و ناحییه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكانی كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌یان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌. به‌رده‌وامیش له‌ رێگه‌ی میدیاكانیانه‌وه‌ به‌رده‌وام داوا له‌ خه‌ڵكی ده‌ربه‌ده‌ركراوی ناوچه‌كان ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان چونكه‌ پۆلیس و دژه‌ تیرۆر ئارامی شاره‌كه‌ ده‌پارێزن، به‌ڵام وه‌ك له‌ ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت هیچ هێزێكی پۆلیس و دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌ و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی فه‌رماندار و فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كه‌ن.

به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ متمانه‌یان به‌هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق نییه‌ و به‌هۆی داگیركردنی ناوچه‌كانیانه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ بوون".

رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌كانی باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی، به‌ رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر كه‌ركووكیان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كرد.