دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌ريرى چى له‌ لوبنان رووده‌دات

ره‌وشى لوبنان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت، ده‌ستوور هه‌ڵپه‌سێردرێت و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان دوابخرێت

K24 – هه‌ولێر:

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كتوپڕه‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى لوبنان سه‌عد حه‌ريرى لوبنانى رووبه‌ڕووى كێشه‌يه‌كى قوڵ كردووه‌ته‌وه‌، به‌ تايبه‌تى به‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا ته‌وافقێكى فشه‌ڵ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونى ميشێل عۆنى سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا هه‌يه‌.

چاودێران له‌و بڕوايه‌دان ره‌وشى لوبنان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت، ده‌ستوور هه‌ڵپه‌سێردرێت و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان دوابخرێت.

هاوكات سه‌رچاوه‌ ناوخۆييه‌كانى لوبنان پێشبينى كۆبوونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، به‌ تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى نبيه‌ برى سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌ردانێكى خۆى بۆ ميسر هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

ناوه‌نده‌ سياسييه‌كانى لوبنان هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌وه‌ى لوبنان رووبه‌ڕووى بۆشاييه‌كى سياسى ببێته‌وه‌ كه‌ هاوشێوه‌ى ئه‌و بۆشاييه‌ بێت دوو ساڵ به‌رده‌وام بوو، تا مێشێل عۆن كرايه‌ سه‌رۆكى وڵات.

له‌و باره‌يه‌وه‌ مێشێل عۆنى سه‌رۆكى لوبنان له‌ تويتێكدا نووسيويه‌تى: چووينه‌ ناو تونێلێكه‌وه‌ و پێويسته‌ هه‌موو سه‌ركرده‌كان يه‌كڕيزى بپارێزن، چونكه‌ لوبنان و گه‌له‌كه‌ى شايسته‌ى قوربانيدانن.

هه‌روه‌ها پێشبينيش ده‌كرێت، سه‌رۆك كۆمار راسپێردرێت بۆ راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت و به‌ گوێره‌ى ده‌ستوور حكومه‌تێكى كار به‌ڕێكه‌ر دابمه‌زرێنێت.

هه‌ندێك چاودێرش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن وه‌زيرى پێشووى به‌رگرى لوبنان عه‌بدولڕه‌حيم موراد يان فه‌يسه‌ڵ عومه‌ر كرامى وه‌زيرى گه‌نجان و وه‌زرشى پێشوو حكومه‌تێكى كاتى له‌ لوبنان دابمه‌زرێنن.

ئه‌مڕۆ سه‌عد حه‌ريرى سه‌رۆك وه‌زيرانى لوبنان، له‌ سعوودييه‌وه‌ ده‌ستى له‌كار كێشايه‌وه‌ و رايگه‌ياند، حزبوڵڵا ده‌وڵه‌ته‌ له‌ ناو ده‌وڵه‌تدا و به‌ڵێنى ئه‌وه‌شى دا ده‌ستى ئێران له‌ لوبنان ببڕن.