بەڤیدیۆ.. خراپترین یانە لەم وەرزە لەسەر ئاستی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا

بێنڤینتۆ 12 یارییە لەسەر یەک دەدۆڕێت و 31 گۆڵی لێکراوە

K24- هەولێر

کاتێک یاریزانانی بێنێڤینتۆ وەرزی رابردوو بەبۆنەی سەرکەوتنیان بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیتاڵیا ئاهەنگیان دەگێڕا، هەرگیز پێشبینییان نەدەکرد ئەو دۆخە چاوەڕێیان بکات، کە ئێستا پێیدا تێدەپەڕن.
بێنڤینتۆ ریکۆردی خراپترین دەستپێکی خولە بەهێزەکانی ئەوروپای شکاند و لەو ریکۆردەی خراپتر تۆمارکرد کە 87 ساڵ لەمەوبەر مانچێستەر یونایتد تۆماریکردبوو.
بێنڤینتۆ 12 یارییە لەسەر یەک لە سێریا ئەی تووشی شکست دێت و ئەم یانە ئیتاڵییە لە 12 گەڕی ئەم وەرزەی سێریا ئەی تەنیا شکست بووەتە بەشی و ئێستا خراپترین یانەیە لەسەر ئاستی هەر پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا.
لە وەرزی 1931/1930 مان یونایتد خراپترین دەستپێکی لە مێژووی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا تۆمارکرد، بەڵام بێنڤینتۆ بەو شکستەی بەرامبەر یۆڤێنتۆس تۆماریکرد، دواازدەمین یاریی بە دۆڕان بەڕێکرد و خراپترین دەستپێکی لە مێژووی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا تۆمارکرد.
بێنڤینتۆ لەو 12 یارییەی لەم وەرزەی سێریا ئەی ئەنجامیداوە، 115 شووتی ئاڕاستەی گۆڵی رکابەرەکانی کردووە و 57 شوور بۆ ناو گۆڵ بووە، کەچی تەنیا پێنج گۆڵی کردووە و 31 گۆڵی لێکراوە، بەبێ ئەوەی هیچ خاڵێک بەدەست بهێنێت.
بێنڤینتۆ بە شەش گۆڵ لەلایەن ناپۆلییەوە گۆڵبارانکرا و لازیۆش لە یاریگەی خۆی پێنج گۆڵی لێکرد و رۆمای هاوشاریشی چوار گۆڵی لە بەرامبەر کرد، لە گەڕی سێزدەمی سێریا ئەیدا بێنڤینتۆ میوانداریی ئاتاڵانتا دەکات و هاندەرانی یانەکە بە هیوای بەرامبەربوون و دانانی سنوورێک بۆ شکستە یەک لە دوا یەکەکان و ریکۆردە رەشەکان چاوەڕێی ئەم یارییە دەکەن.