ئه‌مه‌ریكا گروپێكی حه‌شدی شه‌عبی ده‌خاته لیستی تیرۆره‌وه
K24- هه‌ولێر:
رۆژی چوارشه‌ممه كۆنگریسی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی تیرۆریستیه و پێویسته له‌ماوه‌ی 90 رۆژدا ئه‌و گروپه قه‌ده‌غه‌بكرێت.
ماڵپه‌ڕی فه‌رمی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا راپۆرتێكی له‌باره‌ی "یاسای كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی شوێنكه‌وتووانی ئێرانی له ناوچه‌كه بۆ ساڵی 2017" بڵاوكرده‌وه و تێیدا رایگه‌یاند، پێویسته له‌ماوه‌ی 90 رۆژدا سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی فه‌رمان له ئێران وه‌رده‌گرن قه‌ده‌غه بكرێن. وه‌ك راشگه‌یندراوه، ره‌شنووسی یاساكه بۆ كۆنگرێس و ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا به‌رز كراوه‌ته‌وه.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، كۆنگرێس له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه‌كانی پشتڕاستی كردۆته‌وه، كه مه‌شق و بودجه و پڕچه‌ككردنی گروپی "نوجه‌با" له‌لایه‌ن فه‌یله‌قی قودسی ئێرانی و سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه ده‌كرێت و حزبوڵڵای لوبنانیش ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتی مه‌شقدانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی له‌ئه‌ستۆ گرتووه.
ماڵپه‌ڕی كۆنگرێس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه "نوجه‌با" چه‌ندین چه‌كداری بۆ به‌رگریكردن له رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ره‌وانه‌ی سووریا كردووه، یه‌كێك له‌و پرۆسانه‌ی كه له سووریاش به‌شدارییان تێدا كردوه، گه‌مارۆدانی شاری حه‌له‌ب بووه.
كۆنگرێس له‌و راپۆرته‌دا "ئه‌كره‌م ئه‌لكه‌عبی" ئه‌مینداری گشتی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش به هه‌ره‌شه‌كردن له ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌لكه‌عبی له ساڵی 2008 به‌شداری له تۆپبارانكردنی ناوچه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسراو به ناوچه‌ی سه‌وز له شاری به‌غدادا كردووه.
جگه له كه‌عبیش، كۆنگرێس له‌و راپۆرته‌دا جه‌ختی كردۆته‌وه، ته‌واوی سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به فه‌رمانی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ره‌فتار ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌عبی له ساڵی 2016دا به ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی راگه‌یاندووه.
كۆنگرێس جه‌ختیشی له‌سه‌ر پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ ئیسرائیل كردۆته‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له ساڵی 2017دا گوته‌بێژی فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌باء رایگه‌یاندبوو، لیوای نوجه‌باء به ئامانجی رزگاركردنی به‌رزاییه‌كانی جۆلانی سووریا له ده‌ست ئیسرائیل دامه‌زراوه و بزووتنه‌وه‌كه‌یان كار بۆ گرێنتیكردنی ئاسایشی رێگای گه‌یشتنی ئێران به لوبنان ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری به حزبوڵڵای لوبنانی.
پێشتریش كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، پێویسته ناوی هه‌ریه‌ك له گروپه‌كانی عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق، نوجه‌با و حزبوڵڵای عێراقی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی كه فه‌رمان له ئێران وه‌رده‌گرن، بخرێنه لیستی تیرۆره‌وه، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له‌داهاتوودا ژماره‌ی ئه‌و گروپانه زیاتر بێت كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ده‌خرێنه لیستی تیرۆره‌وه.