سه‌عد حه‌ریری گه‌یشته پاریس
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 18/11/2017، سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌ست له كاركێشاوه‌ی لوبنان، له سعوودیه‌وه گه‌یشته پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا.
فڕۆكه بۆینگه (ANBBJ 7377 )ـكه‌ی حه‌ریری له فڕۆكه‌خانه‌ی (Le Bourget Airport) له پاریس نیشته‌وه‌و له‌وێش شاندێكی لوبنانی له پێشوازیدا بوون و له‌و كاته‌یشی كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی به‌ره‌و ماڵه‌كه‌ی خۆی له پاریس رۆیشتووه، قه‌ره‌باڵغییه‌ك لای ماڵه‌كه‌ی هه‌بووه.
له گه‌شته‌كه‌یدا "لارا"ـی هاوژینی یاوه‌ری ده‌كات و رۆژی پێشتریش "حیسام"ـی كوڕی گه‌ڕابووه‌وه پاریس. به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی نه‌هاری لوبنانی، عه‌بدولعه‌زیزی كوڕی و لوئلوئه‌ی كچی هه‌ر له سعوودیه ماونه‌ته‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی حه‌ریری بۆ فه‌ڕه‌نسا، له‌سه‌ر بانگێشتی فه‌رمی، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا بووه‌و پێشتر رایگه‌یاندبوو كه "وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان، له كۆشكی ئیلیزێ، پێشوازی له سه‌عد حه‌ریری ده‌كه‌م"، له كاتێكدا رۆژی 4/11/2017 سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان، له ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌وه "به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی ئێران و بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی" له گوتارێكی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند و له‌و ماوه‌یه‌شدا گومانی زۆر له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له سعوودیه درووست ببوو، تا ئه‌و راده‌یه‌ی زۆر وڵات و لایه‌ن ده‌یانگووت "هه‌ست ده‌كه‌ن حه‌ریری له سعوودیه ده‌ستبه‌سه‌ر كرابێت".
شه‌وی رابردوو له‌وكاته‌ی له رێگادا بوو به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه و جێهێشتنی سعوودیه، حه‌ریری له تویته‌ره‌وه نوسیبووی: "من به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه ده‌ڕۆم تا ریاز جێبهێڵم، ئه‌و قسانه‌ی ده‌كرا كه من له سعوودیه ده‌ستبه‌سه‌رم و قه‌ده‌غه‌یه وڵاته‌كه جێبهێڵم، هه‌مووی درۆیه و من به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه ده‌ڕۆم".