هومام حه‌مودی بۆ حه‌شدی شه‌عبی: خۆتان رێك بخه‌نه‌وه بۆ جیهادی گه‌وره دژی نه‌یارانی یه‌كپارچه‌یی عێراق
K24- هه‌ولێر:
هومام حه‌مودی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، ئه‌ركی حه‌شدی شه‌عبی ته‌واو نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داعش كرا جیهادی بچووك بوو، ئه‌وه‌ی ماوه جیهادی گه‌وره‌یه. هه‌وره‌ها داوای له گروپه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی كرد، خۆیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه ئاماده بكه‌ن، كه داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، جیهادی گه‌وره له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و خواسته‌ی كه گه‌لی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق هه‌یه.
ئه‌م قسانه‌ی حه‌مودی له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له رێوڕه‌سمی ده‌رچوونی چه‌كدارانی خولێكی دیكه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیدا هاتووه، كه له باره‌گای سه‌رایا عاشوورا گوتی، پێویسته سه‌رجه‌م گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خۆیان بۆ جه‌نگی گه‌وره له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ئاماده بكه‌ن، كه عێراقێكی یه‌كپارچه‌یان ناوێت، چونكه پلانه‌كان بۆ دابه‌شبوونی عێراق به‌رده‌وامن و هاوپه‌یمانێكی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهاتووه.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، داعش له‌ڕووی سه‌ربازیه‌وه ته‌واو بووه، به‌ڵام ئه‌مجاره ده‌یانه‌وێ ئه‌منی ناو شاره‌كان بكه‌نه ئامانج، بۆیه ئه‌ركێكی دیكه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌داهاتوودا پاراستنی ناوچه رزگاركراوه‌كان و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌یه كه عێراقێكی یه‌كپارچه‌یان ناوێت و داوای جیابوونه‌وه له عێراق ده‌كه‌ن.
حه‌مودی گوتیشی، عێراق چۆن توانی به‌سه‌ر داعش و پلانی دابه‌شبووندا زاڵ بێت، به‌هه‌مان شێوه له‌م جه‌نگه‌شدا سه‌رده‌كه‌وین. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌رجه‌م ئه‌و پیلانه نێوده‌وڵه‌تیانه‌ش شكستیان هێنا، كه عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن و لوبنانیان كرده ئامانج. كه پێده‌چێت ئه‌م گوتانه‌ی حه‌مودی پێداهه‌ڵدانێك بێت بۆ ئه‌و ده‌ستوه‌ردانانه‌ی ئێران و حزبوڵڵا له ناوچه‌كه‌دا كه له دژی ده‌سه‌ڵاتی سوننیه‌كان ده‌یكه‌ن و، ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی سعودیه و هاوپه‌یمانه‌كانی بێت له ناوچه‌كه.
له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا حه‌مودی جه‌ختی كرده‌وه "ئێستا ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی له عێراق له هه‌وڵی به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی شیعه و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقدایه، كه‌ئه‌مه‌ش به هه‌وڵه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێت".
له كۆتایی گوتاره‌كه‌شیدا حه‌مودی باره‌گایه‌كی دیكه‌ی ئیداری بۆ سه‌رایا عاشوورا كرده‌وه.
ئه‌مه لێدوانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق له‌كاتێكدایه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك به‌شێك له گروپه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكاوه خرانه لیستی تیرۆره‌وه، به‌تایبه‌تی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با، كه له‌لایه‌ن ئه‌كره‌م ئه‌لكه‌عبیه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت و، كۆنگرێس ته‌نیا ماوه‌ی 90 رۆژی بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و گروپه دیاریكرد.