سەرۆك بارزانی: ئەو دۆخەی بەهۆی ناپاکی و خۆسەپاندنەوە هاتووه‌تە ئارا کاتییە

"بەرەی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان بە سەربەرزییەوە بەرەو سەرکەوتن دەچن و ناپاکانیش شەرمەزار و شکستخواردوو دەبن"

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ له‌ سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرس و كارگێڕانی لق و ناوچە و بەرپرسانی ئیداری و ئەندامانی په‌رلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری سلێمانی - هەڵەبجە و راپەڕین كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و بە وردی باسی رووداوەكانی دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و ئەو بارودۆخە ناخۆشانەی كرد كە بەسەر كەركووك و ناوچە کوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووە و رایگەیاند، كە گەلی كوردستان نەشكاوە، بەڵكو خیانەتی لێ كراوە و ئەو دۆخەی بەهۆی ئەو ناپاکی و خۆسەپاندنيشەوە هاتووه‌تە ئارا کاتییە و ئیرادەی گەلەکەمان هەر سەردەکەوێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە، كە ئێمە بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمیش رامانگەیاند، بەغدا دەیەوێ دەستکەوتە رەواکانی گەلی کوردستان نەمێنن و بمانگەڕێننەوە هێڵی سەوز کە هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و سوپای بەعس بوو، بۆیە ریفراندۆمیش نەکرابا ئەوان ئەو بەرنامەیان هەبوو و پیلان لەدژی كەركووك هەر لە ئارادا بوو، بەڵام ئەگەر ئەو ناپاکییەی 16ـی ئۆکتۆبەر نەکرابا ئەو پیلانە دژی کەرکووک و کوردستان سەری نەدەگرت.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان شیكردووە، دۆخی خیانەت و داگیركاری و فەرزی ئەمری واقع بە زۆر و چەك، ناسنامەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناگۆڕێت و ئەم دۆزەی ئێستا کاتییە و سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستانە. ئێمە هەمیشە، ئێستا و پێشتریش گوتوومانە كە دەمانەوێ كەركووك و ناوچەكانی تر بكرێنە نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و پێكهاتەكان و فەرزی ئەمری واقع بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت.

سەرۆک بارزانی ئەوەیشی راگەیاند، ئێمە پشتگیریی گفتوگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا دەکەین و ئەگەر بەغدا بە راستی مەبەستی چارەسەری کێشەکان بێت ئەوە حکوومەتی هەرێم ئەوەندە هاتووه‌تە پێش کە بەغدا چیتر مەرجی تەعجیزی نەخاتە سەر رێگای گفتوگۆ.

لە کۆتاییشدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی جەماوەری پارتی لە دەڤەرەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و پشدەر کرد کە سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان هەیە بە ورەیەکی بەرزەوە لە خەبات بەردەوامن و روونیشیکردەوە کە بەرەی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕان بە سەربەرزییەوە بەرەو سەرکەوتن دەچن و ناپاکانیش شەرمەزار و شکستخواردوو دەبن.