ناوی پێشمه‌رگه شوێنی وڵاتانی جیهان ده‌گرێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
فیلمی "پێشمه‌رگه"ـی ده‌رهێنه‌ر و بیرمه‌ندی ناسراوی فه‌ڕه‌نسی، بیرنارد هێنری لێڤی، له‌ناو باره‌گای سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك، به ئاماده‌بوونی سەدان بیانی و دیپلۆماتکار و کەسایەتی جیھانی نمایشكرا.
له‌و هۆڵه‌ی فیلیمی پێشمه‌رگه‌ی تێدا نمایشكرا، له‌سه‌ر مێزی نوێنه‌ری ھەر وڵاتێک، له بری ناوی وڵاته‌كه ناوی پێشمەرگە نوسرابوو.
باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بریتانیا كاره‌كه‌یان رێكخستبوو، باسی لە ناوەرۆکی فیلمەکە کرد‌و ڕۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاندووه.
دواتی نمایشكردنی فیلمه‌كه، بێرنارد هێنری لێڤی قسەی بۆ ئاماده‌بووان كرد و وێڕای شەرمەزار کردنی جیھانی ڕۆژئـاوا لە بارەی هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌رامبه‌ر کوردستان پشتیوانی خۆی بۆسەربەخۆیی کوردستان دووپات کردوە.
به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له نمایشكردنی فیلمی پێشمه‌رگه بگرن و رێگه نه‌ده‌ن ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی (بێرنارد ھێنری لێڤی) وتار پێشكه‌ش بكات، نوێنه‌رانی عێراق و تورکیا هه‌وڵێكی زۆریاندابوو، به‌ڵام ھەوڵەکانیان پێ ئـاکام بووه.
پێشتریش هێنری لێڤی له په‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌وه نوسیبووی: "فیلمی "پێشمه‌رگه" له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نمایشكرا. هه‌موو باڵیۆزه‌كانی سه‌رانسه‌ر جیهان، ئازایه‌تی و دڵنه‌رمی كوردیان له رێگه‌ی پێشمه‌رگه‌وه بینی".
فیلمه‌كه پێشتر له چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی خولی 69ـیه‌مینی فێستیڤاڵی كانی سینه‌مایی نمایشكرابوو.
فیلمه‌كه‌ی هێنری لێڤی ماوه‌ی 92 خوله‌كه و باسی ئه‌و شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له جه‌نگی داعش ده‌كات.
بێرنارد هێنری لێڤی له‌گه‌ڵ تیمێكی بچو‌وكدا، له رووبه‌رێكی 1000 كیلۆمه‌تری هێڵه‌كانی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی پیشمه‌رگه له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش وێنه‌ی گرتووه‌و وێنه‌یه‌كی روونی له‌باره‌ی ئازایه‌تی و دڵنه‌رمی پێشمه‌رگه به‌رامبه‌ر دوژمنان خستووه‌ته‌ڕوو.
بێرنارد ھێنری لێڤی، بیرمەندی فەرەنسی، ستایشی پیشمه‌رگه ده‌كات و له‌وباره‌یه‌وه بە كوردستان24ی راگەیاند، جیھان ھەمووی قەرزاری كورد و پێشمەرگەیە و پێویستە ھەرچی زووە ئەو قەرزە بدەنەوە.
لێڤی گوتیشی: کورد لەسەر رێگەی راستە و مێژوو و ئەزموون سەلماندوویەتی کە لە کۆتاییدا راستی و دادپەروەری سەردەکەوێت.
جەختیشیكردەوە، كورد خیانەتی لێكراوە، بەڵام دۆخەكە درێژە ناكێشێت و دادپەروەری لە بەرژەوەندی كورد دایە و لە كۆتاییدا ئەو دۆخەی ئێستا بە قازانجی كورد دەشكێتەوە.
پێشتر هێنری لە چەند تویتێكدا رایگەیاندبوو، ئەو دەیسەلمێنێت پەندە كوردیەكە "تەنھا چیاكانمان ھاوڕێمانن" دروست نیە و كورد زۆر دۆستی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه، ئه‌مه‌ش وەك ئاماژەیەك بۆ جوڵاندنی ھەست و بەدەستھێنانی پاڵپشتی نوێنەری 193 وڵات بە ئاشنابوونیان بە بارودۆخی كورد و ھاوكات گرنگی پێدانی میدیای نێودەوڵەتی.
لێڤی لە تویتێكدا دەڵێت: ئەم فیلمە دەرچەیەكی چوونە ناوەوەی پرسی كورد و كوردە بۆ ناو نەتەوە یەكگرتووەكان. بێرنارد ھێنری لێڤی دەشڵێت ئەو فیلمە بەڵگەنامەییە بۆ رێزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە.