سه‌رۆك بارزانى: جينۆسايدى خورماتوو بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارى عێراق فوئاد مه‌عسوم رايگه‌ياند، پێویستە گفتوگۆ و دانووستانێکی هاوسەنگ و بێ مەرج هەبێت و دوور بێت لە زمانی خۆسەپاندن. هەروەها پێویستە حکوومەتی عێراق دەست لەو کردەوە ناڕەوایانە هەڵبگرێت کە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەرامبەر گەلی کوردستان پیادە دەکرێت بە تایبەت ئەو جینۆسایدەی لە خورماتوو ڕوودەدات بەپەلە ڕابگیرێت ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە سەلاحەددین، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە خرانە بەرباس و هەردوولا هاوڕابوون کە سەرجەم کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق باسی هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد بەجۆرێک کە دەستوور وەک چەترێک وابێت بۆ پاراستنی بوون و کەرامەتی سەرجەم پێکهاتەکان بە بێ جیاوازی.

لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە گفتوگۆ و دانووستانێکی هاوسەنگ و بێ مەرج هەبێت و دوور بێت لە زمانی خۆسەپاندن.

هەروەها سەرۆک بارزانی بە سەرۆک کۆماری عێراقی راگەیاند، پێویستە حکوومەتی عێراق دەست لە زمانی خۆسەپاندن و ئەو کردەوە ناڕەوایانە هەڵبگرێت کە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەرامبەر گەلی کوردستان پیادە دەکرێت بە تایبەت ئەو جینۆسایدەی لە خورماتوو ڕوودەدات بەپەلە ڕابگیرێت ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین.

هەروەها سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە خۆ سەپاندن لەڕێگەی هێز و سەپاندنی ئەمری واقعەوە سەرناگرێت و ئەم دۆخەش بەردەوام نابێت.