مه‌سعود حه‌یده‌ر: پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت

رۆژی شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

حکومەتی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018ی رەوانەی پەرلەمان کرد و رۆژی شەممەش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان 24ی راگەیاند، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی رەوانەی پەرلەمان کرد و لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقیشدا خویندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت.

لەبارەی پشکی کوردیش لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا، مەسعود حەیدەر ئاشکرای کرد، حکومەتی عێراق بەهۆی فشارە نێودەوڵەتیەکان هیچ رێژەیەکی لەناو پرۆژەیاساکەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاری نەکردووە، تەنیا ئاماژە بەوە كراوه‌، پشکی هەرێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی عێراق بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانەکەی دیاری بکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: ئێستا لە عێراق دوو ئامار لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان هەیە، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانی، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 13% ی دانیشتوانی عێراق پێكده‌هێنێت، له‌كاتێكدا ئاماری وەزارەتی پلاندانان باس له‌ڕێژه‌ی 14% دەکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2018 بە 14% دیاری بکرێت.