حزبوڵڵا هه‌رگیز له‌عێراق ناكشێته‌وه و قاسم سولێمانیش خاوه‌ن ماڵه
K24- هه‌ولێر:
له‌سه‌ر فه‌رمانێكی قاسم سولێمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، حزبوڵڵا هه‌رگیز له‌عێراق ناكشێته‌وه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی رایانگه‌یاندووه: حزبوڵڵا خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی تایبه‌ته و دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش، شاره‌زایانی ئه‌و حزبه له‌پێناو گه‌ڕان به‌دوای شانه‌ی نوستووی داعش و دۆزینه‌وه‌یان، له‌عێراق ناكشێنه‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه ئه‌منیانه بۆ سایتی به‌غداد نیوز ئاشكراشیانكردووه، هێزه‌كانی حزبوڵڵای لوبنانی له‌چوارچێوه‌ی كاركردنیان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، به‌ناونیشانی "لێدانی تیرۆر و توندڕه‌وه‌كان" له‌ناو عێراق ده‌مێننه‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوانه جه‌ختیشیان كرده‌وه، مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حزبوڵڵای لوبنانی و شاره‌زایانی بواری سه‌ربازی ئه‌و حزبه، له‌سه‌ر فه‌رمانی قاسم سولێمانی و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیه، بۆیه ئه‌و فه‌رمانه هه‌رگیز ره‌تناكرێته‌وه و حزبوڵڵا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌عێراق ناكشێته‌وه.