هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئامانجی چوونی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكی بۆ كه‌ركووك ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2/12/2017، هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی ئامانجی پشت چوونی سه‌دان سه‌ربازی ئه‌مریكی بۆ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك روونكرده‌وه، كه وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كه بۆ قۆناغی داهاتوو و رێگه‌گرتن له روودانی گرژی له سنووره‌كانی پارێزگای كه‌ركووك و خورماتوو.
رایان دیلن، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ڵێت: "چوونی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعشه بۆ سه‌ربازگه‌ی K1 له كه‌ركووك، به هه‌ماهه‌نگی بووه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراقدا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، سه‌رله‌نوێ هێزه‌كانی له ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراقدا بڵاوده‌كاته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئامانجی چوونی ئه‌و هێزانه بۆ كه‌ركووك، ئاماده‌كارییه بۆ قۆناغی داهاتوو و رێگه‌گرتن له روودانی گرژی له سنووره‌كانی پارێزگای كه‌ركووك و شارۆچكه‌ی دووزخورماتوودا".
چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا هه‌واڵی جووڵه‌ی ژماره‌یه‌ك له ھێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له كه‌ركووك بڵاوكرایه‌وه، به‌ڵام فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و هه‌واڵانه‌ی به ناڕاست له قه‌ڵه‌مدابوو.