له‌زاخۆ پۆلیسێك خۆی ده‌كوژێت و هاوسه‌ره‌كه‌شی ده‌سووتێت
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ له گه‌ڕه‌كێكی شاری زاخۆ، پۆلیسێكی ته‌مه‌ن 29 ساڵ به‌ناوی "كۆڤان ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن" به گوللـه‌یه‌ك كۆتایی به ژیانی خۆی هێنا و هاوسه‌ره‌كه‌شی به‌ناوی "زاهیده عومه‌ر ئیسماعیل" به‌ڕێژه‌ی 80% سووتا.
له‌باره‌ی ئه‌م رووداوه‌وه، سه‌عد عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلسی قه‌زای زاخۆ به كوردستان 24ی راگه‌یاند، یه‌كێك له پۆلیسه‌كانیان به‌ناوی "كۆڤان ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن" كه سه‌ر به به‌شی فریاكه‌وتن بوو، له‌ناو ماڵه‌كه‌یدا گوللـه‌یه‌كی له سه‌ری خۆیداوه و كۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه، هاوكات هاوسه‌ری پۆلیسه‌كه‌ش به‌ناوی "زاهیده عومه‌ر ئیسماعیل" به‌ڕێژه‌ی 80% سووتاوه و به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی پارێزگای دهۆك گوازراوه‌ته‌وه.
ناوبراو گوتیشی، به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان و قسه‌كانی هاوسه‌ری كۆڤان، رووداوه‌كه كاتێك روویداوه، كه هاوسه‌ری ئه‌و پۆلیسه سه‌رقاڵی داگیرساندنی سۆپا بووه، كاتێك كه نه‌وتی له سۆپاكه كردووه، هه‌ندێك له نه‌وته‌كه رژاوه و له‌كاتی داگیرساندنیدا ئاگر به زاهیده كه‌وتووه، كاتێك كه زاهیده قیژاندوویه‌تی، ئه‌وكات كۆڤان له‌خه‌و بووه و له‌كاتی به‌خه‌به‌رهاتنه‌وه‌ی و بینی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌مشێوه‌یه، ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌ركردووه و به گوللـه‌یه‌ك كۆتایی به‌ژیانی خۆی هێناوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی زاخۆ جه‌ختیشیكرده‌وه، ئه‌و زانیاریانه‌ی ئێستا له هاوسه‌ری كۆڤانه‌وه به‌ده‌ستیان گه‌یشتوون سه‌ره‌تایین و لێكۆڵینه‌وه له‌مباره‌یه‌وه به‌رده‌وامه، تاكۆتایی هاتنی لێكۆڵینه‌وه‌كه ناكرێت پشت به‌و زانیاریانه ببه‌سترێت.