نەتەوە یەكگرتووەكان لە پێشێلکارییەکانی خورماتوو دەکۆڵێتەوە

راپۆرتێك لەسەر دۆخی خورماتوو بۆ یونامی بەرزدەكرێتەوە

K24 - ھەولێر

کەمال ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای خورماتوو بە کوردستان24 راگەیاند، دوای ئەوەی سێ رۆژ لەمەوبەر رێگری لە چوونی شاندێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ خورماتوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە کرا، ئەمڕۆ پێنج شەممە، شاندەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی حەشد دژ بە هاووڵاتیان گەیشتنە خورماتوو.

گوتیشی، شاندەکەی UN لەگەڵ سەرۆك و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارۆچکەی خورماتوو لە کۆبوونەوەدان و بڕیاریشە دوای کۆبوونەوەکە سەردانی شوێنە زیان لێکەوتووەکان بکەن، کە لەدوای 16 ئۆکتۆبەر لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سوتێنران و تەقێندراونەتەوە.

دوای بینینی شوێنەکان و قسە کردن لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن و شایەت حاڵەکان، بڕیارە شاندەکەی UN راپۆرتێك لەسەر دۆخی خورماتوو بۆ یونامی بەرزبکاتەوە.