سەرۆك بارزانی: كوردستان بۆ هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی هەموو پێکهاتەکانە

"لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە"

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح، پیرۆزبایی ئاراستەی كریستیانەكان دەكات و رایدەگەیەنێت، كوردستان بۆ هەمیشە وەك پەناگە و پاڵپشتی كریستیانەكان و هەموو پێکهاتەکانی تر دەمێنێتەوە و لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە.

لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ‌ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشك و برایانی خۆشەویستی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆك بارزانی رایدەگەیەنێت: "لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بەشێكی زۆری خوشك و برا كریستییانەكانمان سەروماڵیان کەوتە بەر هەڕەشە و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشت و ڕوویان کردە ناوچە ئارامەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە توانی تیرۆریستان تێکبشکێنێت و ناوچە کریستیاننشینەکان ئازادبکاتەوە، لەو شوێنانەی لەهەڕەشەی تیرۆریستان دووربوون بەشێک لە ئاوارەکان گەڕانەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە بەهۆی پەلاماردانی دەشتی نەینەوا لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کریستیانەکان تووشی ئاوارەیی بوونەتەوە". 

سەرۆك بارزانی راشیگەیاند: "بوونی هزری توندڕۆیی و جیاکاری جا لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر پێکەوەژیان و ئاسایش و ئارامی. بوونی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان لە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی عێراق کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵگەی بەهای بەرزی پێکەوەژیانە لەناو گەلەکەماندا و پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە سەرجەم پێکهاتەکان کردووە و كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و هەموو پێکهاتەکانی تر دەمێنێتەوە. خوشک و برایانی مەسیحی دڵنیا دەکەینەوە کە لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و هاوبەشین و هیچ هێز و هزرێكی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێكەوەژیانمان تێك بدات".

 

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ‌ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و شادییان بۆ دەخوازم.

لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بەشێكی زۆری خوشك و برا كریستییانەكانمان سەروماڵیان کەوتە بەر هەڕەشە و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشت و ڕوویان کردە ناوچە ئارامەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە توانی تیرۆریستان تێکبشکێنێت و ناوچە کریستیاننشینەکان ئازادبکاتەوە، لەو شوێنانەی لەهەڕەشەی تیرۆریستان دووربوون بەشێک لە ئاوارەکان گەڕانەوە، بەڵام بەداخەوە لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە بەهۆی پەلاماردانی دەشتی نەینەوا لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کریستیانەکان تووشی ئاوارەیی بوونەتەوە. 

بوونی هزری توندڕۆیی و جیاکاری جا لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر پێکەوەژیان و ئاسایش و ئارامی. بوونی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان لە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی عێراق کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵگەی بەهای بەرزی پێکەوەژیانە لەناو گەلەکەماندا و پێشمەرگە بەخوێنی خۆی بەرگری لە سەرجەم پێکهاتەکان کردووە و كوردستانیش هەمیشە پەناگە و پاڵپشتی خوشك و برا كریستیانەكان و هەموو پێکهاتەکانی تر دەمێنێتەوە.

خوشک و برایانی مەسیحی دڵنیا دەکەینەوە کە لە كوردستاندا هەرگیز هزری تیرۆر و جیاكاریی ئایینی و تاییفی جێگەی نابێتەوە. ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برا و هاوبەشین و هیچ هێز و هزرێكی شەڕانگێز ناتوانێ برایەتی و پێكەوەژیانمان تێك بدات.

هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوەی ئازیز و هەموو ساڵێک لە ئارامی و ئازادیدا جەژنەکانتان پیرۆز بکەن.

 

مسعود بارزانی

25ـی12ـی2017