هێزێكی نوێ له رۆژئاوای كوردستان پێكده‌هێنرێت
K24 - هه‌ولێر:
سیابه‌ند وه‌لات، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی پاراستنی باكووری سووریا رایگه‌یاند، له ژێر ناوی سوپای باكووری سووریا، له رۆژئاوای كوردستان ده‌ستییان به دامه‌زراندنی هێزێكی كوردی كردووه.
وه‌لات له باره‌ی ئه‌ركی ئه‌و هێزه نوێیه رایگه‌یاند، ئه‌ركی سه‌ره‌كییان پاراستنی سنووره‌كانی باكووری سووریا ده‌بێت (رۆژئاوای كوردستان).
به گوێره‌ی ئاژانسێكی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستا (په‌كه‌كه)، سیابه‌ند وه‌لات، ده‌ڵێت: "سوپای باكووری سووریا خه‌ریكه داده‌مه‌زرێت، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و هێزه‌ش پاراستنی سنووره"، روونیشی كرده‌وه، ئه‌ركی ئه‌و هێزه ته‌نها له پاراستنی سنووره‌كانی رۆژئاوای كوردستان كورت نابێته‌وه، به‌ڵكو سنووره‌كانی ره‌ققه و دێره‌زوور، له باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریاش ده‌پارێزێت.
وه‌لات گوتیشی: "ئه‌و هێزه له تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2014ه‌وه پێكهێنراوه، به‌ڵام ئێستا جارێكی دیكه له‌سه‌ر شێوازی سوپایه‌ك رێكده‌خرێته‌وه و پێشتریش به‌شداری له شه‌ڕی دژی داعشدا كردووه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه، سه‌ربازگه‌یان له شاره‌كانی جه‌زیره، كۆبانێ، عه‌فرین، مونبج و ته‌بقه كردووه‌ته‌وه.
سیابه‌ند ئاماژه به هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هێزه‌كه و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هاوكاری سه‌ربازیی و چه‌كییان پێشكه‌ش ده‌كرێت و له هه‌ماهه‌نگیش به‌رده‌وامن هاوشێوه‌ی كاتی شه‌ڕی داعش.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، سوپاكه‌یان به هێزه و به‌ره‌نگاری هه‌ر هێرشێك ده‌بنه‌وه كه له‌لایه‌ن سووریا، یاخود توركیا ده‌كرێته سه‌ریان و پارێزگاری له خاكه‌كه‌یان خۆیان ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی گوته‌كانی سیابه‌ند وه‌لات، ئه‌و سوپا نوێیه له یه‌كه‌كانی باكووری سووریا له هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژنان پێكهاتووه.
سه‌رچاوه: RT