بایدەمیر دەستگیر كرا

لە دادگا گوتەی لێوەردەگیرێت

K24 - ھەولێر

عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) دەستگیركرا و بڕیارە ئەمڕۆ لەبەردەم دادگا ئامادە بكرێت بە مەبەستی وەرگرتنی گوتەكانی.

شەوی رابردوو عوسمان بایدەمیر بە بڕیاری دادگای تاوانەكانی شرناخ لە ئیزمیر دەستگیر كرا، بڕیاریشە ئەمڕۆ لە رێی سیستەمی ڤیدیۆ كۆنفرانس گوتەی لێوەربگیرێت و ئەگەر ھەیە بە كەفالەت ئازاد بكرێت.

دادگای شرناخ، دۆسیەیەكی دژی بایدەمیر كردووەتەوە و بەوە تۆمەتباری دەكات كە یاسای كۆبوونەوە و خۆپیشاندانەكانی پێشێلكردووە، ئەوەش لەبەر ئەوەی پێشتر لە كاتی شەڕی جزیرە و شرناخ ئەو پەرلەمانتارەی ھەدەپە لە چالاكییەك ئامادە بووە لە ساڵی 2015 و دەستوەردانی سوپا و ئاڵۆزییەكانی سەركۆنە كردووە.

دەستگیركردنی عوسمان بایدەمیر، لە كاتێكدایە كە زیاتر لە ساڵێكە ھاوسەرۆكانی ھەدەپە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و سەركردەكانی ئەو پارتە لەلایەن حكومەتی توركیا دەستگیركراون، لە چەند رۆژی رابردووشدا سەرچاوەیەك ئەوەی بۆ كوردستان24 ئاشكرا كرد، كە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی گشتی ھەدەپە، بە نیازە لە ھاوسەرۆكی دەست لەكار بكێشێتەوە.

ھ.م