یاسای موڵکی گشتی هەموار دەکرێتەوە

داوای 5 ساڵ زیندانیکردنی سەرپێچیکار دەکرێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5ef3dacd-42ae-42fb-8c02-b277cf76ad6e/010718ZJG.ism/manifest

K24 - ھەولێر

داواکاری گشتی داوا دەکات یاسای گێڕانەوەی موڵکی گشتی هەموار بکرێتەوە وسزادانیش لە دەستگیر کردن بگۆرێت بۆ 5 ساڵ بەرەو سەرەوە،پەرلەمانی کوردستانیش ئامادەی دەربری بۆ هەمورای یاسای موڵکی گشتی.

دەستبەسەرداگرتن و زیدەرۆیی كردنەسەر موڵکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە گەندەڵیەکان و تا ئێستاش یاسای سزادانی سەرپێچیکاران وەك پێوست جێبەجێ ناکرێت، داواکاری گشتی داوا لە پەرلەمان دەکات سزای ئەو کەسانە بگۆڕێت کە زێدەرۆیی دەکەن و دەستیان بەسەر موڵکی گشتییدا گرتووە، یەکێك لە داواکانی داواکاری گشتی ئەوەیە سزاکەی بگۆڕدرێت بۆ  دەستگیر کردن بۆ سەرووی پێنج ساڵ جگە لە سزای ماددی.

 دڵشاد فایز، گوتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بە كوردستان24 گوت: "سزای سەرپێچیكار كەمە و زۆرنییە، لە یاساكەدا كەتنە، بەڵام ئێمە داوا دەكەین بكرێت بە تاوان، واتا دەستگیركردنی لە 5 ساڵ زیاتر بێت، بۆ ئەوەی ئەو كەسەی زێدەڕۆیی دەكاتە سەر موڵكی گشتی وەك ئەوە وابێت كە دزییەكی گەورەی كردووە".

یاسای سزادانی ئەو کەسانەی دەستیان بەسەر موڵکی گشتیدا گرتووە، سزاکەی جگە لە لێسەندنەوە و پێ بژاردن، زیندانیکردنە لە نێوان شەش مانگ بۆ ساڵێك، بۆ ھەمواری یاساکەش پێوستە 10 پەرلەمانتار داواکاری پێشکەش بکەن و لیژنەی یاسایش پڕۆژە یاسایێکی ھەموارکراوی بۆ ئامادە بکات.

لەو بارەوە بەھزاد زێباری، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی: "ھەمواركردنەوەی ئەو یاساییە پێویستی بە ھەندێك رێكاری یاساییە، لانی كەم دەبێ 10 پەرلەمانتار واژوو بۆ ھەمواركردنەوەی بكەن، دواتر لەنێو ھۆڵی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بكرێت و لیژنەی یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەكانی دیكە راپۆرتی یاسایی ئامادە بكەن و پاش ئەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت".

بەشێکی زۆری موڵکەکانی حکوومەت و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەلایەن بەرپرسان و حزبەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمەش یەکێکە لە گەندەڵیەکان لە ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی زۆریش دراوە بۆ رێگری لە زێدەرۆی، بەڵام تا دێت لە دەوروبەری شارەکان زەویە کشتوکاڵیەکان تەلبەن دەکرێن و ژمارەی ڤێلاکانیش زۆر دەبێت.

داڕشتنەوە: ھ.م