ڤاڵڤێردی له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی هه‌موو شتێكی ئاشكرا كرد
راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له جامی شای ئیسپانیا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئۆمتیتی و ئینیێستا بۆ یارییه‌كه ئاماده‌نین، ده‌شڵێت: هێشتا رێككاره یاساییه‌كانی (یێری مینا) ته‌واو نه‌بووه و ناوی بۆ پاڵه‌وانێتی و خوله‌كان تۆمار نه‌كراوه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 16 جه‌نیوه‌ری 2018، له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی جامی شای ئیسپانیا به‌رامبه‌ر ئیسپانیۆل له پرێس كۆنفرانسێكدا ئارنیستۆ ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا گوتی: من یانه‌ی ئیسپانیۆل به باشی ده‌ناسم، چونكه پێشتر هه‌م یاریزانی ئه‌و یانه‌یه بوومه و هه‌میش راهێنه‌ریان.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: یاری ئێمه و ئیسپانیۆل یاری دێربییه، ئه‌مه‌ش واتای یارییه‌كی به‌هێزه و ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌ردوولا كراوه‌یه، دێربی بارسێلۆنا هه‌روه‌ك دێربی ریال بێتیس و سێڤییا به‌هێزه.
ڤاڵڤێردی ده‌ڵێت: هیچ قسه‌یه‌كم له باره‌ی پێكانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دێمبلی نه‌كردووه، ئه‌و له یاری رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی باش و به‌بێ كێشه یارییه‌كه‌ی ته‌واو كرد، هیوادارم پێكانه‌كه‌ی درێژخایه‌ن نه‌بێت.
ڤاڵڤێردی ده‌شڵێت: ئومتێتی به‌شێوه‌یه‌كی باش راهێنانه‌كانی ده‌كات، به‌ڵام بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی ئاماده نابێت، به‌ڵام له ماوه‌یه‌كی نزیك ده‌گه‌ڕێته‌وه پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: هێشتا مامه‌ڵه و نووسراوه‌كانی (یێری مینا) به ته‌واوه‌تی رێككاره‌كانی ته‌واو نه‌بووه و پێشبینی ده‌كرێت له كورترین ماوه هه‌موو شته‌كانی به دروستی تێپه‌ڕێنێت.
ڤاڵڤێردی زیاتر ده‌ڵێت: لویس سوارێزه بۆ ئێمه زۆر گرینگ و كاریگه‌ره، به‌رده‌وام ده‌جوولێت و به ته‌نیا یاریزانێك چاودێری ناكرێت، سوارێز یاریزانێكی ژماره (9)ـی كلاسیكی نییه، ئه‌و به‌شێوازی جیا جیا گۆڵ ده‌كات.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: سیلیسینی گۆڵپارێز، به باشترین شێوه راهێنانه‌كانی ده‌كات و به‌رده‌وام كار بۆ پێشخستنی ئاستی خۆی ده‌كات.
له باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه كه كریستیانۆ داوای له یانه‌كه‌ی كردووه مووچه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی لیۆنێل مێسی لێبكرێت، ڤاڵڤێردی گوتی: كریستیانۆ سه‌ربه‌سته له‌وه‌ی چۆن بیرده‌كاته‌وه و چی ده‌وێت و داوای چی ده‌كات، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به منه‌وه نییه.
له باره‌ی جیاوازی بارسێلۆنا و ریال مه‌درید له ریزبه‌ندی لالیگا، ڤاڵڤێردی گوتی: 19 خاڵ، واتای كۆتایی هاتنی هه‌موو شتێك نییه، ئێمه ئه‌زموونمان هه‌یه و له تۆپی پێ زۆر شت فێربووینه و له‌وه تێده‌گه‌ین كه هه‌موو شتێك قابیلی گۆڕانكاریییه.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: ئێمه ئێستا له جامی شا یاری ده‌كه‌ین، خاڵه‌كانی لالیگامان نابته پێوه‌ر بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ئیسپانیۆل.
سبه‌ی چوارشه‌ممه، له یاری چوونی قۆناخی هه‌شتی جامی شای ئیسپانیا، یانه‌ی بارسێلۆنا له كاتژمێر 11:00ـی شه‌و ده‌بێته میوانی یانه‌ی ئیسپانیۆلی هاوشهری.