زانیاری لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكرێت

فەرمانبەران داوا لە حكومەتی ھەرێم دەكەن چاوەڕێی بەغدا نەكات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/aa352082-e4b7-43ba-afc7-2fa7f246fea7/nawras.ism/manifest

K24 - ھەولێر

خەریكە مانگی یەكی ساڵی نوێ تەواو دەبێت، بەڵام ھێشتا وەزارەتی دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، وادەی دابەشكردنی مووچەی رانەگەیاندووە. لیژنەكانی بەغداش خەریكی وردبینی كردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستین، فەرمانبەران داوا لە حكومەت دەكەن، دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات، بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان "حكومەت بڕێك پارەی كۆكردووەتەوە و لە ھەوڵدایە كاتی دابەشكردنی مووچە رابگەیەنێت".

فەرمانبەرێك بەناوی محەمەد عەلی، بە كوردستان24 گوت: "زۆر ناخۆشە فەرمانبەر لەو چاوەڕوانیە بھێڵدرێتەوە، ئەگەر وردبینی لیژنەی حكومەتی عێراق درێژە بكێشێ و حكومەتی ھەرێمیش مووچە دابەش نەكات، ئەوكات دۆخەكە خراپتر دەبێت، ژیانی ئێمە وەك فەرمانبەر لەسەر مووچەیە، زیاتر لە مانگێكە مووچەمان وەرنەگرتووە، ئێستا لەنێو مانگی یەكی ساڵی نوێداین، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی 10 ساڵی رابردوو دابەش نەكراوە".

حكومەتی ھەرێمی كوردستان جگە لەم مانگە، سێ مووچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی لەلایەو دابەشی نەكردووە، تائێستاش لسیتی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكانی رانەگەیاندووە، بۆ ئەمەش دەڵێت "بەھۆی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە،‌ نزیكەی نیوەی داھاتی ھەرێم كەمیكردووە، ئەندامێكی لێژنەی دارایی پەرلەمانیش ئاشكرای دەكات، حكومەت لە ھەوڵدایە دەست بە دابەشكردنی مووچە بكاته‌وه‌".

ھیڤا حاجی میرخان، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی زانیارییەكانمان حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ھەوڵدایە لەم نزیكانە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران رابگەیەنێت، ھەندێك پارەی لە داھاتی نەوت كۆكردووەتەوە، ھەركاتێك مووچەی تەواوی وەزارەتەكان دابین كرا ئەوا دەست بە دابەشكردنی دەكرێت".

لیژنەكانی بەغدا بۆ وردبینیكردنی لسیتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی، لە ھەرێمی كوردستانن و دەستیان بە كارەكانیان كردووە، نە بەغدا وادەیەكی دیاریكردووە مووچە بنێرێت، نە حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش لیستی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكانی راگەیاندووە، ئەوەی بۆ فەرمانبەرانیش ماوەتەوە ته‌نیا چاوەڕوانییە.

داڕشتنەوەی: ھ.م