ئه‌مازۆن "رۆمانی خۆشه‌ویستی" سه‌ددام حوسێن ده‌فرۆشێت
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ر كاتێك گوێت له ناوی سه‌ددام حوسێن ده‌بێت، راسته‌وخۆ جه‌نگ و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانت دێته‌وه بیر، به‌ڵام له ساڵی 2000 و نزیكه‌ی 18 ساڵ به‌ر له ئێستا، رۆمانێكی له باره‌ی خۆشه‌ویستی بڵاوكرده‌وه و ئێستا له لیستی كتێبه داشكێنراوه‌كانی ئه‌مازۆن ده‌فرۆشرێت.
به گوێره‌ی وێبسایتی "بزنس ئینسایده‌ر"، كۆپی ئینگلیزی رۆمانی "زبیبه والملك" ئێستا له‌سه‌ر وێبسایتی ئه‌مازۆن به‌رده‌سته، كه به‌شێكه له چوار رۆمانه‌ی گوایه دیكتاتۆری پێشووی عێراق نووسیویه‌تی.
رۆمانه‌كه له 160 لاپه‌ڕه پێكدێت و باس له خۆشه‌ویستییه‌كی خه‌یاڵی ده‌كات كه به‌ر له هه‌زاران ساڵ هه‌یه و له باره‌ی پاشایه‌كی عێراق بووه، كه سه‌ددام حوسێن به هێما بۆ خۆی گه‌ڕاندوویه‌ته‌وه، له رۆمانه‌كه‌شدا گوایه ئه‌و پاشایه ده‌كه‌وێته داوی خۆشه‌ویستی ژنێكی لادیێی و ناوی زه‌بیبه‌یه.
زۆربه‌ی كات زه‌بیبه به شه‌وان سه‌ردانی كۆشكی پاشای كردووه و ماوه‌یه‌كی زۆر باسی ئایین، خۆشه‌ویستی، نه‌ته‌وه‌یی و ئیراده‌ی گه‌لی له‌گه‌ڵ پاشا كردووه.
هه‌ندێك له راپۆرته میدیاییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، رمانه‌كان مشتومڕێكی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تیش له باره‌ی نووسه‌ره‌كاكنییه‌وه، ئایا سه‌ددام حوسێن خۆی نووسیویه‌تی یان نا، پێشتریش ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، لێكۆڵینه‌وه‌ی له رۆمانه‌كان كردووه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی شیكردووه‌ته‌وه.
وه‌ك رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ساڵی رابردوو رۆمانه‌كه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و ئێستاش له‌سه‌ر وێبسایتی ئه‌لیكترۆنی ئه‌مازۆن، به‌رده‌سته.