نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید كۆده‌بێته‌وه
K24 – داڤۆس:
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان, له‌گه‌ڵ ئیزابێل لۆڤین جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى سوێد كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه هه‌ریه‌ك له د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانیى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا خۆشحاڵییان به دیداره‌كه ده‌ربڕى و په‌یوه‌ندییه‌كانى سوێد و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد.
سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌تى سوێدى كرد بۆ هاوكارى و پشتیوانی‌یان له هه‌رێمى كوردستان و هیواى به‌رده‌وامى و په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى خواست.
نێچیرڤان بارزانی، پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوا پێشهاته‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دوایین سه‌ردانى بۆ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به ڕێگه‌ى دیالۆگ و به‌پێى ده‌ستوور كرده‌وه.
ده‌رباره‌ى شكاندنى داعش و قۆناغى دواتر ڕوونیكرده‌وه, له‌ناوبردنى سه‌ربازیيانه‌ى داعش به‌ته‌نها چاره‌سه‌ر نییه و كێشه‌كان پێویستییان به چاره‌سه‌رى سیاسى هه‌یه.
هه‌روه‌ها باسى له دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان كرد كه كاریگه‌ریى كردووه‌ته سه‌ر بارى دارایى و بواره‌كانى دیكه له هه‌رێمى كوردستان.
لاى خۆیه‌وه خاتوو لۆڤین وێڕاى گه‌یاندنى سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى سوێد به نێچیرڤان بارزانى، دووپاتى كرده‌وه وڵاته‌كه‌ى كۆكه له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه‌ى هه‌رێمى كوردستان گرتوویه‌تیه به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق به شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه و له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه، پشتیوانیى وڵاته‌كه‌یشى بۆ مافه ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هیواى به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتنى دیالۆگى خواست.
لۆڤین تیشكى خسته سه‌ر هه‌وڵه‌كانى سوێد له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ سه‌رخستنى دیالۆگ و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها ڕوونیكرده‌وه كه مه‌شق و ڕاهێنانى هێزه‌كانیان به پێشمه‌رگه و په‌ره‌پێدانى مرۆیى و هاوكاریى مرۆییش بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌شدارى و سوودمه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كه بڕیاره له كوێت ساز بكرێت، له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى نوێنه‌رایه‌تیى سوێد له هه‌رێمى كوردستان، لایه‌نێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.