تره‌مپ له‌ سه‌ر جێگه‌ی خه‌وه‌وه‌ كۆنتڕۆڵی جیهان ده‌كات

ئالووده‌بووی ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌ هۆی ئالووده‌بوون به‌ به‌كارهێنانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، چه‌ند جارێكه‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ ده‌بێته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی "Evening Standard"، ئاشكرای ده‌كات، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا زۆربه‌ی كات خۆی پۆسته‌كانی تویته‌ر ده‌نووسێت، هه‌ندێكجاریش نووسینه‌كان ده‌داته‌ فه‌رمانبه‌رانی كۆشكی سپی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ تویته‌ر بۆی بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

وه‌ك رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، زۆربه‌ی جاره‌كان، تره‌مپ له‌سه‌ر جێگه‌ی خه‌وتنه‌كه‌ی پۆسته‌كانی  تویته‌ر ده‌نووسێت، كه‌ زۆرجار تویته‌كانی، له‌سه‌ر ئاستی جیهان مشتومڕی زۆر به‌ دوای خۆیاندا ده‌هێنن.

تره‌مپ ده‌ڵێت: "به‌ گشتی به‌یانییان زوو، یاخود ئێواران له‌ كاتی نان خواردن پۆسته‌كان له‌ تویته‌ر بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر رۆژێكی زۆر سه‌رقاڵ بم، نووسینه‌كه‌ ده‌نووسم و ده‌یده‌مه‌ فه‌رمانبه‌رانی كۆشكی سپی له‌ تویته‌ره‌كه‌م بڵاوی بكه‌نه‌وه‌".

ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، گۆڕانكاری له‌ تایبه‌تییه‌كانیدا كرد و رایگه‌یاند، به‌كارهێنه‌ران ده‌توانن تێكسته‌كانییان بۆ 280 پیت بنووسن له‌ تویته‌ر، كه‌ پێشتر ته‌نها 140 پیت بوو، به‌مه‌ش تره‌مپ سوودمه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی، له‌ باره‌ی پرسه‌كانی جیهانه‌وه‌، له‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.