كۆنگره‌ی سۆچی به‌بێ كورد ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 30/1/2018 كۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتمانی سووریا له شاری سۆچی رووسیا، به گوتارێكی سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ده‌ستی به كاره‌كانی كرد‌و 1511 كه‌س به‌شدارن و 107 كه‌سیان نوێنه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌كین.
لیژنه‌ی رێكخه‌ری كۆنگره‌كه رایگه‌یاند: "به‌شدارانی كۆنگره‌كه له سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگای سووری پێكهاتوون و زۆرینه‌ی به‌شداربووان عه‌ره‌بن و رێژه‌یان ده‌گاته 94.5%.
پێشتر نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ سووریا، له‌باره‌ی به‌شداریكردنی كورد له كۆنگره‌كه رایگه‌یاندبوو: "كورد له كۆنگره‌كه‌دا به‌شدارن، به‌ڵام وه‌ك تاكه كه‌س بانگهێشتنامه‌یان بۆ نێردراوه نه‌ك گرووپ و لایه‌ن".
به‌گوێره‌ی قسه‌ی به‌رپرسه رووسه‌كان، كۆنگره‌كه رووداوێكه كه له ساڵانی رابردوودا هیچ دانووستانێك هێنده جیگه‌ی ئومێد نه‌بووه تا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سووریا بكات، چونكه شانده‌كان هه‌مه‌جۆرن و به‌شێكی پێكهاته و ئاراسته سیاسییه‌كانی له خۆگرتووه‌و ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری حزبی به‌عسی فه‌رمانڕه‌وا. هه‌روه‌ها رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و سه‌ندیكاكان و ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ به‌شداری كۆنگره‌كه‌ن.
ئه‌ركی سه‌ره‌كی كه ده‌بێت به‌شداربووان له ئه‌ستۆی بگرن، درووستكردنی لیژنه‌یه‌كی ده‌ستوورییه بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه كار بۆ ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ وڵاته‌كه بكه‌ن و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چاودێری بكات.
به‌ڵام هیچ كه‌سێكی كورد به‌نوێنه‌رایه‌تی ته‌ڤده‌م و په‌یه‌ده به‌شداریی كۆنگره‌كه ناكه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌وان له سه‌ره‌تاوه ڤیتوی توركیایان له‌سه‌ر بووه تا بانگهێشتی كۆنگره‌كه نه‌كرێن و ئێستا هێزه سه‌ربازییه‌كانیان له شه‌ڕدان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوپای توركیا و میلیشیاكانی سه‌ر به ئه‌نقه‌ره.
له هه‌مان كاتدا نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا به‌شداریی كۆنگره‌كه ناكه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بڕیاریدا نه‌چنه سۆچی. ئه‌گه‌ر كوردێكیش له‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌شدار بێت، ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی خودی خۆی ده‌كات.
نوێنه‌رانی حكومه‌تی سووریا ده‌ڵێن، ژماره‌ی به‌شدارانیان له سۆچی ده‌گاته 680 كه‌س.400 كه‌سی دیكه‌ش نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ناوخۆی سووریا ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش، نوێنه‌ری وڵاتانی هه‌میشه ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و نوێنه‌ری وڵاتانی میسر و عێراق و سعوودیه و لوبنان و ئوردن و كازاخستانیش وه‌ك چاو‌دێر بۆ ئاماده‌بوون له كۆنگره‌كه بانگهێشتكراون.
له‌ناو به‌شداربوونی كۆنگره‌ی سۆچی، رووسیا و ئێران و توركیا وه‌ك وڵاتانی گه‌ره‌نتیكاری رێككه‌وتنه‌كانی ئه‌ستانا له‌باره‌ی راوه‌ستاندنی جه‌نگ به‌شداریی كارایان ده‌بێت.
رووسیا كۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتمانی سووریا، به یه‌كه‌م كۆنگره‌ی جۆریی داده‌نێت كه له سه‌ره‌تای قه‌یرانی سووریاوه له ساڵی 2011ـه‌وه ئه‌نجامدرابێت، چ له رووی ژماره‌ی به‌شداربووان، چ له رووی ژماره‌ی ئه‌و پێكهاتهانه‌ی به فراوانی به‌شداریی كۆنگره‌كه‌ن، چ له رووی ژماره‌ی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی به‌گشتی بانگهێشتی كۆنگره‌كه كراون. یان جۆراوجۆری ئاراسته و ئاستی جه‌ماوه‌رێتی لایه‌نه به‌شداربووه‌كانه‌وه بێت و ئه‌وه‌ش به یه‌كه‌مین هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته جیاوازانه داده‌نێن كه له‌سه‌ر یه‌ك مێزێكی گفتوگۆ كۆده‌بنه‌وه.
ده‌ستپێكردنی كۆنگره‌ی سۆچی، پاش چه‌ند رۆژێكی كه‌مه له كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی نێوان سوورییه‌كان له ڤییه‌نا. پێشبینی ده‌كرێت رۆژی سێشه‌ممه كۆبوونه‌وه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆنگره‌كه و دانیشتنی گشت و ئاهه‌نگی ئێواره له سۆچی به‌ڕێوه‌بچێت.
یه‌كێك له ئه‌ندامانی شاندی سووری كه نه‌یویستووه ناوی بهێنرێت به ئاژانسی سپوتنیكی رووسی گوتووه: "ئێمه زۆر خۆشحاڵین هاتووینه‌ته سۆچی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له كۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتمانی بكه‌ین، ئێمه گه‌شبینین و هاوڕێی زۆرمان هه‌یه لێره، به‌تایبه‌تی كه كۆنگره‌كه به‌چاودێری رووسیا و ئێران ده‌به‌سترێت".
كۆنگره‌كه له رووی میدیاییه‌وه رووماڵێكی فراوان ده‌كرێت و 510 رۆژنامه‌نووس له 27 ده‌وڵه‌ت، په‌یامنێرانی 125 رۆژنامه‌ی بیانی و 52 په‌یامنێری رووسی به‌شدارن. هه‌روه‌ها چالاكییه‌كانی كۆنگره‌كه له‌لایه‌ن 78 كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی و 38 ئاژانسی هه‌واڵ و 8 رادیۆ و 31 رۆژنامه و 21 پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه‌و رووماڵ ده‌كرێن. كوردستان 24 یه‌كێك له‌و ده‌زگا میدیاییانه‌یه كه نێردراوی له كۆنگره‌كه‌یه و رووداوه‌كانی كۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتمانی سۆچی رووماڵ ده‌كات.