په‌كه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

سەرحەد ڤارتۆ : چالاكییە سەربازییەكانمان له‌ دژی توركیا چڕده‌كه‌ینه‌وه

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێكی پەیوەندییە دپلۆماسییه‌كانی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" باڵی سیاسی پارتی كرێكرانی كوردستان، هەڕەشە ده‌كات و ده‌ڵێت: "چالاكییە سەربازییەكانمان له‌ دژی توركیا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌".

 سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی كەجەكە به‌ میدیاكانی په‌كه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: "لەبەرانبەر ئەو هێرشانەی توركیا بۆ سەر شاری عه‌فرین له‌ رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دات، ئێمه‌ش ده‌سته‌وه‌ستان نابین و چالاكییەكانمان لەناو توركیا و باكوری كوردستان زیاتر ده‌كه‌ین".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا و پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا كەمی ماوەو له‌ناو ده‌چن".

به‌رده‌وام به‌رپرسانی توركیا، پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده‌" به‌ درێژكراوه‌ یان به‌شێك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" ده‌زانن، كه‌ خراونه‌ته‌ لیستی "تیرۆر"ـی توركیا و ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه‌و له‌ژێر ئه‌و پاساوانه‌دا ھێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستپێكردووه‌".

له‌ رۆژی 20/1/2018ـه‌وه‌ سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ پاڵپشتیان ده‌كات، ئۆپراسیۆنێكی فراوانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی شاری عه‌فرین ده‌ستپێكردووه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه‌ زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیلیش شه‌هید و بریندارن. جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێكیان ئاماژه‌ به‌ كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز و شه‌ڕڤانان ده‌كه‌‌ن.