"یەکێتی لیستی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق نابێت"
K24 - ھەولێر
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوایە، ئەگەر ناکۆکییە نێوخۆییەکان لەنێو یەکێتی بەردەوامبن، ئەوا پێشبینی ناکرێت یەکێتی لیست و کاندیدی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق هەبێت.
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و به‌رپرسی هێزه‌كانی 70 پێشمه‌رگه بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە: "بەهۆی رێککنەکەوتنی سەرکردایەتی یەکێتی لەنێوخۆدا، ئەوا یەکێتی لیست و كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق نابێت".
گوتیشی: "پێش رووداوه‌كانی كه‌ركووك دەنگێکی زۆرمان دەهێنا، چونكه هێزی پێشمه‌رگه له پاراستنی هه‌موو ناوچه دابڕێندراوه‌كانی كوردستان یه‌كێتی بردبووه لووتكه، به‌ڵام له‌دوای رووداوەکانی کەرکووك یەکێتی رێژەی دەنگەکانی کەمیکردووە".
لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەی بەرھەم ساڵح، لە یەكێتی شێخ جەعفەر دەڵێ: "به‌س قسه‌یه‌كه له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی باس ده‌كرێت ئیتر نازانم ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی له‌گیرفانی كێدایه؟ تابڵێین به فەرمی په‌سه‌ندكراوه یاخود نا، دكتۆر بەرھەم تائێستا خۆی به‌یه‌كێتی ده‌زانێت و ده‌ستیشی له‌یه‌كێتی نه‌بڕیووه ئومێدیشی ئه‌وه‌یه جارێكی تر له‌ناو یه‌كێتیدا كۆده‌نگیه‌ك دروست ببێت".
لەبارەی كاریگەری بەرھەم ساڵح لەسەر دەنگەكانی یەكێتی رایگەیاندووە: "بێگومان هێزی گه‌وره له‌ناو یه‌كێتی ده‌بات، چونكه كادیره‌كانی یه‌كێتی له‌و دۆخه زۆر ناڕازین، هه‌موویان ده‌گه‌ڕێن بۆ په‌نایه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن له‌ناو ده‌ریایه‌كن ده‌ست ده‌به‌ن بۆ چڵه‌پوشێكیش بێت، خه‌ڵكی یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێت به دوای ناوه‌ندێكی بڕیاری به‌هێز بێگومان خه‌ڵك ئومێدێكی به‌كاك به‌رهه‌م هه‌یه، به‌ڵام ئیتر نازانین ئه‌ویش تاچه‌ندێك ده‌توانێت ئه‌و ئومێده‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنێت".