توركیا ناوهندی عهفرین بۆردوومان دهكات
K24 - عەفرین
فڕۆكه جهنگییهكانی توركیا چهندین هێرشی ئاسمانیان بۆسهر ناوهندی شاری عهفرین ئهنجامدا، بە گوێرەی دوایین ئامار لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا سێ هاووڵاتی مهدهنی شههید و برینداربوون. تیمی كوردستان24، كه لە سەرەتای رۆژانی ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین، رووماڵی شهڕەكە دهكات، چوونه نێو نهخۆشخانهی ئاڤرین و رەوشی برینداران لە نەخۆشخانەكە دەخاتەڕوو.
دوای چەند رۆژێك وەستانی بۆردوومانی شار و ئاواییەكان، جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، لە چوار ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیدا ناوەندی شاری عەفرینیان بۆردوومان كردەوە و ھاووڵاتییانی سڤلی كردە ئامانج، یەكێك لە قوربانییەكانی ئەو بۆردوومانە ژنێكی تەمەن 50 ساڵی بوو بەناوی ئامینە، لە ماڵەكەی خۆیدا شەھیدبوو.
ژمارەیەك گوندی دەوروبەری عەفرین كە ھاوكات لەگەڵ ناوەندی شار بۆردوومان كران، ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە بە كوردستان24 گوت، بەھۆی بۆردوومانی چڕ، نەیانتوانیوە لە ماڵ رابكەن، كاتێك كەسوكاریشیان بریندار دەبێت، بەردەوامی بۆردوومان رێگەنادات بریندارەكان بگەینە نەخۆشخانە.
ژنێكی بە رەگەز عەرەب، كە چەند ساڵێكە بەھۆی شەڕی سووریا ئاوارەیە و لەسنووری عەفرین گیرساوەتەوە، بە گولـلەی سوپای توركیا برینداربووە، ئەو بە كوردستان24 گوت: "بە درێژایی شەو بۆردوومان و تۆپباران دەكرێین، بەیانییەكەی گوتمان بابچین نانی بەیانی بخۆین، جارێكی دیكە تۆپباران دەستی پێكردەوە، كە خەڵكیان لەنێو ماڵ دەبینی بە قەناس ھاووڵاتی سڤیلیان دەكردە ئامانج، قەناس بە دەستێكی سوپای توركیا گولـلەیەكی لە مندا و كەوتم، ھاوسەر و منداڵەكەشم برینداربوون".
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ئاڤرین، بەھۆی بۆردوومان و تۆپبارانی توركیا لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا، تا ئێستا زیاتر لە 150 ھاووڵاتی سڤیل لە عەفرین و دەوروبەری شەھیدبوونە و زیاتر لە 300 برینداریش ھەن.
داڕشتنەوە: ھ.م