شۆك.. هانده‌رانی ریال مه‌درید داوا ده‌كه‌ن یاری كۆتایی جامی شا له بێرنابیۆ بكرێت
له ڕاپرسییه‌كی رۆژنامه‌ی ئاسی مه‌دریدی، زۆرینه‌ی هانده‌رانی یانه‌ی شایانه حه‌ز ده‌كه‌ن یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیا له نێوان بارسێلۆنا و سێڤییا له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بكرێت.
رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا، له چاپی ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی راپرسییه‌كه‌ی تایبه‌ت به یاری كۆتایی جامی شا ئاشكرا كرد، 37%ـی به‌شداربووان داوا ده‌كه‌ن یارییه‌كه له‌بێرنابیۆ بكرێت، 35% حه‌ز ده‌كه‌ن یارییه‌كه له یاریگه‌ی وان‌دا میترۆ پۆلیتانۆی تایبه‌ت به ئاتڵێتیكۆ مه‌درید بكرێت، 10%ـی ده‌نگده‌ران داوا ده‌كه‌ن یارییه‌كه له یاریگه‌ی مێستایا به‌ڕێوه بچێت.
له وه‌رزی 2012 ـ 2013 كاتێك ریال مه‌درید و ئاتڵێتیكۆ مه‌درید گه‌یشتنه فایناڵی جامی شای ئیسپانیا بارسێلۆنا رێگه‌ی نه‌دا یارییه‌كه له یاریگه‌ی كامپ نوو بكرێت، له ئێستاشدا به‌رپرسانی یانه‌ی شایانه ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی خۆیان له یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه بكه‌ن و رێگه نه‌ده‌ن یارییه‌كه له یاریگه‌ی ئه‌وان بكرێت.
رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا له چاپی ئه‌مڕۆی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ناسنامه‌ی ئه‌و یاریگه‌یه‌ی كه یاری كۆتایی جامی شای له‌سه‌ر ده‌كرێت رۆژی دووشه‌ممه یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، پێشبینی ده‌كرێت له نێوان یاریگه‌ی وان‌دا میترۆ پۆلیتانۆ و بێرنابیۆ له‌سه‌ر یه‌كێكیان بكرێت.