شوێنگرەوەی دەمیرتاش دیار دەكرێت

كۆنگرەی سێی ھەدەپە بەڕێوەدەچێت

K24 - ئەنقەرە

ئەمڕۆ كۆنگرەی سێی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بەڕێوەدەچێت و لەو كۆنگرەیەدا ھاوسەرۆكی نوێی ھەدەپە دیار دەكرێن و دوو كەسی دیكە شوێنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەكداخ دەگرنەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە ئەنقەرە رایگەیاند: "كادیر و ئەندامانی ھەدەپە لە شارو شارۆچكەكانی باكووری كوردستان و توركیا بۆ بەشداری كردن لە كۆنگرەی سێی پارتەكەیان، روویان كردووەتە ئەنقەرە، جگە لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی ھەدەپە بۆ كاری داھاتووی پارتەكە، ھاوسەرۆكی نوێی ھەدەپە دیار دەكرێن".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان: "پەروین بوڵدان وسیزایی تەمەلی، پەرلەمانتارانی ھەدەپە، بۆ وەرگرتنی پۆستی ھاوسەرۆكی ھەدەپە دیار دەكرێن".

لە ماوەی رابردوودا سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی گشتی ھەدەپە كە ئێستا لە زیندانە رایگەیاندبوو، كە ئەو دەستبەرداری پۆستی ھاوسەرۆكایەتی پارتەكەی دەبێت.

له‌ 4/11/2016، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداخ، هاوسه‌رۆكانی پارتی دیموكارتی گەلان (هه‌ده‌په‌) له‌گه‌ڵ 11‌ په‌رله‌مانتاری دیكەی پارتەكەیان‌ به‌ تۆمه‌تی ھاوكاریكردن و بانگەشەكردن بۆ پەكەكەده‌ستگیركران.

بەستنی كۆنگرەی سێی ھەدەپە لەكاتێكدایە كە ھەردوو ھاوسەرۆك و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بە ھەزاران كادیر و ئەندامی ھەدەپە لە زیندانەكانی توركیادان. بەڵام ھەدەپە دەیەوێت خۆی بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی توركیا ئامادە بكات، كە بڕیارە لە ساڵی 2019 بەڕێوەبچێت.

ھەدەپە لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا دوو كۆنگرەی یاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێ بۆ کۆتایھێنانە بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.

ھ.م