لەسەر عەفرین پەروین بوڵدان و سڕی سوڕەییا دەدرێنە دادگا

"لە نێو كۆنگرەكە پڕوپاگەندە بۆ ئۆجەلان كراوە"

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی لە كۆنگرەی سێی حزبەكەیان ھەر یەك لە پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆكی نوێی ھەدەپە و سڕی سوڕەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ھەدەپە، رایانگەیاند، سوپای توركیا لە ھێرشكردنە سەر عەفرین، خەڵكی سڤیلی كردووەتە قوربانی، حكومەتی توركیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ھەردوو سەركردەی ھەدەپە دەكات.

بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ "سەرۆکایەتی داواکاری کۆماری ئەنقەرە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەبارەی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، پەروین بوڵدان و پەرلەمانتاری بازنەی ئیستانبوڵی هەدەپە، سڕی سوڕەییا ئۆندەر بە هۆی لێدوانەکانیان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، لە کۆنگرەی سێیەمی هەدەپە".

سەرۆكایەتی داواكاری ئەنقەرە راشیگەیاندووە، جگە لە لێدوانەكانیان دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكە، لەنێو كۆنگرەكە بەرزكراوەتەوە، بۆیە لەسەر ھەردوو بابەت لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو دوو سەركردەی ھەدەپە دەكرێت.

دوێنێ كۆنگرەی سێی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بەڕێوەچوو، ھەریەك لە پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەلی، بە ھاوسەرۆكی نوێی پارتە ھەڵبژێردران، لە وتارەكانیاندا پەروین بوڵدان، و سڕی سوڕەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ھەدەپە، سەركۆنەی ھێرشەكانی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین كرد.