نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی لەگەڵ جۆزیف بایدن كۆبوونه‌وه‌

له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

K24 - هه‌ولێر:

لە پەراوێزی دووەم رۆژی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤانی بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، لەگەڵ جۆزيف بایدن جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کۆبوونەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعش به‌رز نرخێنرا و باس له‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان كرا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور.

هه‌ریه‌ك له‌ فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

54 مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا بە بەشداری نزیکەی 600 سەرۆک، سەرکردە، سیاسەتڤان، پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسی جیهان ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا باسی چەندین تەوەر دەکرێت، لە نێویاندا شەڕی دژی تیرۆر، ئاسایشی نێودەوڵەتی، كێشەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، رۆڵی یەكێتی ئەوروپا لە كێشەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و كێشەی پەنابەران.