عەبادی دوو راپۆرتی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران پێدەگات

"لیژنەكە فۆرمێكی دیكەی داوەتە دوو وەزارەت"

K24 - ھەولێر

رەنگە زۆرترین رستە كە عەبادی، لەم چەند مانگەدا دووبارەی كردبێتەوە، پاندبوونیەتی بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕە پارەیەك لە بەغداوە نەنێردراوە، بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ئاشكرای دەكات، ئەو لیژنەیەی بەغدا كە وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكەیان دەكات تائێستا دوو راپۆرتیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناردووە، ئێستا كاتیەتی مووچە بنێردرێت.

خاڵس قادر، بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئەو لیژنانەی عێراق كە بۆ وردبینی كردن لە لیستی فەرمانبەران لە ھەرێمی كوردستانن، دوو راپۆرتیان لەسەر كارەكانیان ناردووەتەوە بەغدا بە گوتەی خۆیان راپۆرتەكان گەیشتووەتە نووسینگەی عەبادی".

گوتیشی: "بەپێی بەڵێنی ئەوان، پێشبینی دەكرێت بڕیارەكە بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەڵام ئەگەر چاوەڕێی تەواوبوونی كاری لیژنەكان بن، ئەوا كاتێكی زیاتری دەوێت".

دوایین بەڵێنی عەبادی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، لەرێگەی كەناڵی دی دەبلیوی ئەڵمانیەوە بوو، كە لە چاوپێكەوتێكی لەگەڵ ئەو كەناڵە رایگەیاند، نزیك بوونەتەوە لە ناردنی مووچە، ئەم قسەیەشی چەند جارێكی دیكە راگەیاندووە، بێ ئەوەی كاتەكەی دیاری بكات، جگە لەوەی ئێستا چەندین لیژنەی دیكەی بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی وازەرەتەكانی دیكە رەوانە كردووە و تا ئێستاش لە وردبینی بەردەوامن.

ئومێد محه‌ممه‌د، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم دەڵێت: "بەگوێرەی كارەكانی ئەو لیژنانە و گوتەی خۆیان، ھەرێمی كوردستان دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان خەرج بكرێت".

بەگوێرەی بەدوا داچوونەكانی كوردستان24 پڕۆسەی وردبینی كردن لە ھیچ وەزارەتێك بە وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندرووستیشەوە تەواو نەبووە، ئێستا لیژنەكە فۆرمێكی دیكەیان بەو دوو وەزارەتە داوە كە كۆكردنەوەی چەند زانیاری دیكە لەبارەی فەرمانبەران لەخۆ دەگرێت. ماوەی مانگێكیشیان بۆ تەواو كردنی ئەم پڕۆسەیە دیاریكردووە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستانەوە پێشنیار كراوە بەر لە تەواوبوونی وردبینی بەغدا مووچەی مانگێكی ئەو دوو وەزارەتە بنێرێت.

H.M