رۆژنامه‌یه‌ك: نێچیرڤان بارزانی و عه‌بادی له رێككه‌وتنی كۆتایی نزیكبوونه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "مه‌دا" له راپۆرتێكدا، كه ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان، به‌مزووانه سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رێكبكه‌ون.
وه‌ك رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی دیار بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئێستا نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی باش له نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غدا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستپێبكه‌نه‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه بۆ رۆژنامه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، له دوایین كۆبوونه‌وه‌یاندا له میونشن، هه‌ردوولا رێككه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به ناوی سه‌رچاوه‌كه نه‌كردووه و ده‌ڵێت: "به‌مزووانه رێككه‌وتنی كۆتایی له به‌غدا ته‌واو ده‌بێت" و دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و سێ دیداره‌ی نێوان نێچیرڤان بارزانی و عه‌بادی، ره‌وشه چه‌قبه‌ستووه‌كه‌ی كۆتاییپێهێناوه و ئێستا له رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ندێك له كێشه‌كان، گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، هه‌ردوولا له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتوون، كه ده‌بێت له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه دابه‌ش بكرێت، روونیشی كردووه‌ته‌وه له كۆبوونه‌وه‌كانیشدا داوا له عه‌بادی كراوه، كاری لێژنه ته‌كنیكییه‌كان خێراتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی په‌له له دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، عه‌بادی پێشنیازی ئه‌وه‌ی كردووه هێزێكی سنوورداری پۆلیسی فیدراڵی، بۆ به‌شداریكردن له به‌ڕێوه‌به‌ردنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ره‌وانه بكات، له‌و باره‌یه‌وه‌ش بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو، هه‌ولێر به فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌و پێشنیازه‌ی عه‌بادی ده‌داته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه دوایین دیداری نێوان شاندی كوردستان و عه‌بادی له میونشن به سه‌ركه‌وتوو وه‌سف كرد و رایگه‌یاند، ئه‌و پرسانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی میونشندا باسكران، پێویستییان به زنجیره‌یه‌ك دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه و به‌مزووانه‌ش شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، هه‌فته‌ی داهاتوو، بڕیاره "گرنگ و گه‌وره‌كان" له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه ده‌درێن، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان بكه‌ن.
به گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه، سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، نیچمه رێككه‌وتنێك هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك له رێگه‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه، دۆسیه‌ی هه‌ردوو ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و پێشخابوو، له كۆبوونه‌وه‌كاندا باس نه‌كراون و نه‌خراونه‌ته سه‌ر مێزی گفتوگۆ.
ا. م