ناتۆ عێراق جێناهێڵێت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 6/3/2018 یه‌نس ستۆڵتنبێرگ، ئه‌مینداری گشتی هاوپه‌مانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" رایگه‌یاندووه: "هێزه‌كانی ناتۆ به‌هۆی داواكاریی ده‌سه‌ڵاتداران له عێراق ده‌مێننه‌وه".
قسه‌كانی ستۆڵتنبێرگ، دوای 4 رۆژه له داواكارییه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه داوای له حكومه‌ت كردووه خشته‌یه‌كی كاتی دیاریكراو بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له عێراق دابنرێت.
له میانی سه‌ردانێكیدا بۆ به‌غدا كه به "ده‌گمه‌ن" ناوده‌برێت، ئه‌مینداری گشتی ناتۆ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "ئێمه لێره‌ین چونكه عێراق ئه‌وه‌ی ده‌وێت، به‌بێ بانگهێشتنامه‌ی عێراق و له خۆمانه‌وه نه‌هاتووینه‌ته ئێره" و هاوپه‌یمانی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی نامه‌ی ده‌ستنووسی حه‌یده‌ر عه‌بادی پێگه‌یشتووه تا مانه‌وه‌مان هێزه‌كانمان له عیراق درێژبكه‌ینه‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه: "ناتۆ زیاتر له‌و كاته‌ی داوای لێ ده‌كرێت له عێراق نامێنێته‌وه، ئه‌و هێزانه‌ی له 19 ده‌وڵه‌تی ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه نێردراوه مه‌شق و راهێنانه‌كانیان به ھێزه‌كانی عێراق چڕده‌كه‌نه‌وه به‌تایبه‌تی له بواری هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و پزیشكی سه‌ربازی و چاككردنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته سه‌ربازییه‌كان".
ستۆڵتنبێرگ ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی ئه‌ركی مه‌شق و راهێنان به‌ڕێوه ده‌بات ئه‌گه‌ر پێویست بوو، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابن له‌وه‌ی جارێكی دیكه داعش ده‌رناكه‌وێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ناتۆ هاوكاری عیراق ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه و ئه‌كادیمیای سه‌ربازی بونیات بنێت و كار بۆ چاكسازی له دامه‌زراوه‌كان و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی بكات".