پشكی كورد لە بودجەی عێراق لە پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ دەكرێت

"گلییەكان دەگەیەنینە حكوومەت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 کۆدەبنەوە.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لێژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دەكەین، ھەروەھا گلەییەکانیش دەگەیەنینە دەستەی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كە تائێستا بەیاننامەیەكی دروستیان لەبارەی دارایی و نەوت و گاز ھەرێمی كوردستان نەناردووەتە پەرلەمانی كوردستان".

فراكسیۆنی گۆڕان، بایكۆتی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەلی حەمە ساڵح، رایگەیاند: "بەشداری لە كۆبوونەوەیەك ناكەین تەنھا بۆ موجامەلەكردن بێت، دەیان جار پرسیارمان لەبارەی داھات و قەرزەكان لە حكوومەتی ھەرێم كردووە و تائێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە، ئێمە پێمان وایە ئیجرائات لەو كۆبوونەوانە ناكرێت، بەڵكو ئیجرائات لەنێو ھۆڵی پەرلەمان دەكرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانی عێراق لە 3/3/2018، بە زۆرینەی دەنگ و بێ گوێدان بە داواكانی كورد. پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 پەسندکرد و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش کۆبوونەوەکەیان بایکۆتکرد.

 دوو رۆژ دوای پەسندكردنی بودجەی عێراق پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بە نووسراوێك داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد‌، كە لە بودجەی عێراق ھەڵە لە پشكی كوردستان كراوە و ھەڵەكە له‌ دیاركردنی بودجه‌ی فریاكه‌وتندا هه‌یه‌ به‌وه‌ی له‌ جیاتی 2 ترلیۆن دینار بودجه‌كه‌ بكرێته‌ 3 ترلیۆن دینار، دوای چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌، پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق ده‌بێته‌ 14% .

ھ.م