ئه‌ڵمانیا: له مه‌شقدانی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بین و هێزه‌كانمان له عێراق كه‌م ده‌كه‌ینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانیان له مه‌شقدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌رده‌وامن و ئاشكراشیكرد، حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له عێراق بۆ 800 سه‌رباز كه‌م ده‌كاته‌وه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیایی له فرانك فینریج، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا گواستییانه‌وه، "پرۆسه‌ی مه‌شقدانی پێشمه‌رگه وه‌ك پێشان به‌رده‌وامه" و گوتیشی: "راهێنه‌رانی ئه‌ڵمانی له‌بواره‌كانی پزیشكی و خزمه‌تگوزاری لۆجیستی راهێنان به پیشمه‌رگه ده‌كه‌ن".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌گوێره‌ی سایتی سپۆتنیكی رووسی، ئۆرسۆلا ڤۆنده‌رلاین، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا جه‌ختی كردۆته‌وه، "به‌شێك له راوێژكارانی سه‌ربازی ئه‌ڵمانی له عێراق ده‌مێننه‌وه".
ئه‌و سایته رووسییه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، "ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا ماوه‌ی مانه‌وه‌ی راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانی له عێراق درێژ كردۆته‌وه و، پێشبینی ده‌كرێت، مانه‌وه‌یان بۆ مه‌شقپێكردنی هێزه سه‌ربازییه‌كان بێت".
لای خۆشیه‌وه ستیڤن زایبێرت، وته‌بێژی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا ئاشكرایكرد، "ژماره‌ی سه‌رباز و راویژكاره سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له 1200 كه‌سه‌وه بۆ 800 كه‌س كه‌م ده‌كرێنه‌وه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌م دوواییانه لایه‌نه شیعه‌كان و گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی فشاره‌كانیان بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له عێراق، له‌سه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی چڕتر كردۆته‌وه و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵه‌كانیان بردۆته ناو په‌رله‌مانی عێراق و هه‌وڵ ده‌ده‌ن كشانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌عێراق بكه‌ن به ئه‌مری واقع، به‌تایبه‌تیش هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و، دا‌واشیان له حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه، واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان ده‌ستنیشان بكات.
H.B