ئه‌نقه‌ره دژى گه‌يشتنى شه‌ڕڤانان بۆ عه‌فرين هاته ده‌نگ
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى توركيا داوايه‌كى نوێى ئاراسته‌ى ئه‌مريكا كرد و تێيدا رايگه‌ياندووه، پێويسته ئه‌مريكا رێگه نه‌دات هێزه كوردييه‌كان كه واشنتن پشتيوانيان ده‌كات رووبكه‌نه عه‌فرين.
له 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى رابردووه‌وه سوپاى توركيا و هێزه تايبه‌ته‌كانى ئه‌و وڵاته و چه‌كدارانى جه‌رده‌وان و زياتر له 25 هه‌زار چه‌كدارى مليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى توركيا هێرشى زه‌مينى و ئاسمانيان بۆ سه‌ر عه‌فرين ده‌ستپێكردووه.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات(هه‌سه‌ده) و يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) بڵاويانكرده‌وه، سه‌دان شه‌ڕڤان له سه‌نگه‌ره‌كانى سنوورى ره‌ققه‌وه روويان كردووه‌ته عه‌فرين بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێرشه‌كانى سوپاى توركيا و ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى.
ئيبراهيم كالن، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى توركيا، رايگه‌ياند، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه ده‌كه‌ين، ئه‌مريكا ده‌ستوه‌ردان بكات و رێگه نه‌دات هێزه‌كانى يه‌په‌گه كه پشتيوانيان ده‌كات رووبكه‌نه عه‌فرين.
گوتيشى: "توركيا هه‌موو رێوشوێنێك ده‌گرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه نه‌گه‌نه عه‌فرين".
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دوێنێ سێشه‌ممه 6ى ئازار/ مارسى 2018، ئاژانسى هه‌واڵده‌رى رۆيته‌رز بڵاويكرده‌وه، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده)، ده‌ستيكردووه به گواستنه‌وه‌ى 1700 شه‌ڕڤانى "سوپاى شۆڕشگێڕان"ى سووريا له شاره‌كانى ره‌ققه و دێرزووره‌وه به‌ره‌و عه‌فرين.
رۆيته‌رز بڵاويشيكرده‌وه، ئامانجى سه‌ره‌كى "سوپاى شۆڕشگێڕان"، پشتيوانيكردنى سه‌نگه‌رى به‌رگرى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات(هه‌سه‌ده)يه.
له‌و باره‌يه‌وه، ئه‌بو عومه‌ر ئيدلبيى، گوته‌بێژى ئه‌و سوپايه رايگه‌ياند، سه‌رجه‌م هێزه‌كانيان له خۆرهه‌ڵاتى فوراته‌وه به تايبه‌تى له شاره‌كانى ره‌ققه، دێرزوور، حه‌سه‌كه‌وه به‌ره‌و عه‌فرين به‌ڕيكه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ى له‌وێ به‌ره‌نگارى تيرۆر ببنه‌وه.
گوتيشى: "ته‌نيا له ره‌ققه‌وه 700 چه‌كداريان روويان له عه‌فرين كردووه".
ئيدلبيى، جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، "ئه‌وان سه‌نگه‌ره‌كانيان به‌جێده‌هێڵن بۆ ئه‌وه‌ى له سه‌نگرى به‌رگرى له عه‌فريندا شه‌ڕ له دژى تيرۆريستان و له‌شكركێشى سوپاى توركيا بكه‌ن. چونكه تيرۆر هه‌ر تيرۆره جا تيرۆرى توركيا بێت يان داعش".
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا(پێنتاگۆن) رۆژى دووشه‌ممه 5ى ئازار/ مارسى 2018 رايگه‌ياند، ئه‌و هێرشه‌ى توركيا ده‌يكاته سه‌ر يه‌په‌گه و عه‌فرين، كاريگه‌رى له‌سه‌ر شه‌ڕى دژى تيرۆر درووست كردووه و ئۆپراسيۆنه سه‌ربازييه‌كان له خۆرهه‌ڵاتى فورات وه‌ستاوون.
گوته‌بيژى پێنتاگۆن روونيكرده‌وه، سه‌رجه‌م ئه‌و ئۆپراسيۆنه سه‌ربازيانه‌ى به هاوكارى هه‌سه‌ده دژى داعش به‌ڕێوه‌ده‌چوون، به هۆى شه‌ڕى عه‌فرينه‌وه په‌كيان كه‌وتووه.
سه‌رچاوه: ئيلاف، رۆيته‌رز
ئ.ر