"موسته‌حیله‌ به‌رهه‌م ساڵح بكرێته‌ سه‌رۆك كۆمار و ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆككۆماری ئێستاش بكرێت"

په‌رله‌مانتارێكی كورد: ئیتر به‌سه‌ بێ ده‌نگی و خۆ سوككردن

K24 - هه‌ولێر:

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ خۆی نوسیوویه‌تی (شاخەوان عه‌بدوڵڵا، نوێنەری کوردستان لە پەرلەمانی عێراق)، له‌ باره‌ی لاوازی هه‌ڵوێستی سه‌رۆككۆماری عێراق و پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق و ده‌نگۆی هه‌وڵه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناردنی مووچه‌ ده‌ڵێت: "ئیتر به‌سه‌ خۆسوككردن و بێده‌نگبوون له‌ به‌رده‌وامیی دەستدرێژییه‌كان بۆ سەر یاسا و فیدڕاڵیەت و هاووڵاتیبوون".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك 4 خاڵی له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و كیشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا نوسیووه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، پێویسته‌ رێگه‌ نه‌درێت، ئەو پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانەی عەبادی لە دژی كورد دەیکات هەر وا بەسەریدا تێبپەڕێت، هەموو ئەو بڕیارانەی داویەتی نادەستوورین و دەستدرێژییە بۆ سەر یاسا و فیدڕاڵیەت و هاووڵاتیبوون. ئێستا یاسایەكی بۆ حەشدی شەعبی دەركردووە و ئیمتیازات و پلە و ڕێوشوێنی بۆ چەكدارانی حەشد داناوە، دەركردنی ئەو یاسایەش پێچەوانەی دەستوورە و لە دەرەوەی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئەو پیاوەیە، عەبادی دەستوور و یاسا وەك لاستیكێك لە دەستی خۆی دەزانێت و یاریی پێ دەكات و كەسیش دەنگ ناكات، لەمەودوا هەر شتێك كە عەبادی دەیکات نابێ بێدەنگی لێ بكرێت و پێویستە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت".

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ندێك له‌ حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت: "هەم حكوومەتی عێراق و هەمیش بەشێک لە حزبە سوکەکانی لای خۆمان كار بۆ ئەوە دەكەن كە گەورەترین كێشەی كورد مەسەلەی مووچەیە، خەریكە ئەو فەرهەنگە لەناو خەڵكدا بچەسپێنن كە سەد ساڵ قوربانیدانی گەلی كوردستان فەرامۆش بكرێت و هەموو شتێك لە مووچەدا كورتبكرێته‌وه‌، پێویستە ڕێگە لەوە بگرین كە ئەو فەرهەنگە بچەسپێندرێت، ویستی گەلەكەمان سەربەخۆییە و لە ٢٥ـی ئەیلوول ئەو ویستەی بە دونیا ڕاگەیاند، ئەو پەڕی خیانەتە كە مێژووی میللەتێك لە مووچەیەك كورت بكرێتەوە كە ئەوە سادەترین مافی هەر كەسێكە".

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق/ ئه‌رشیف
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق/ ئه‌رشیف

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رووی قسه‌كانی ده‌كاته‌ به‌رهه‌م ساڵح و ده‌ڵێت: "زۆر جار باس لەوە دەکرێت دكتۆر بەرهەم لەسەر بابه‌تی مووچە لەگەڵ عەبادی بە تەلەفۆن قسەی كردووە، من لێرەوە بە د. بەرهەم دەڵێم: بەسە ئەوەندە سووككردنی كورد و داواكارییەكانی گەلی كوردستان، ئایا كێشەی كورد مووچەیە؟ باشە د. بەرهەم بۆ چی تەنها جارێكێش  باسی داگیركاریی كەركووك و شوێنەكانی تر ناكەی؟ بۆ جارێك بە عەبادی ناڵێی بۆ ئەو هەموو پێشێلكارییە دەستوورییە لە دژی كورد ئەنجام دەدەی؟ ئەوە دە ساڵە بەر لە جەنابیشت بە تەلەفۆن و بە دانوساندن لەبارەی مووچە و كێشەكانی تر قسە لەگەڵ عەبادییەكان كراوە و وەڵامیان تەنیا كاتكوشتن و سووكایەتی بووە، ئەگەر مەبەستت ئەوەیە ببیتە سەرۆككۆمار ئەوە با باش بزانی كە موستەحیلە بكرێیتە سەرۆككۆمار، كورد ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ سەرۆككۆمارەكان هەیە و چیتر دەنگی خۆی بۆ كورسییەكی بێكەڵك بە فیڕۆ نادات".

شاخه‌وان عه‌بدوڵلا داوای هه‌ڵوێست له‌ سه‌رۆككۆماری عیراق ده‌كات و نوسیوویه‌تی: " بەسە ئیتر، دەبێت سەرۆك كۆمار هەڵوێستی هەبێت و بێ دەنگی بشکێنێت، ئەو نوێنەری كوردە و بە دەنگ و دەستوبازووی خۆی لەوێ نییە، ئەو لەو چوارساڵەدا یەك جووڵەی نەبووە كە خزمەتی كوردستان بكات، یان كوردستان لە جەهالەت و زێدڕۆییەكانی بەغدا بپارێزێت، بۆیە لەسەر ئەو كەمتەرخەمی و بێدەنگییەی دەبێ موحاسەبەش بكرێ، ئەو نوێنەرێكی شاییستە نەبووە بۆ گەلەكەی".