"بۆ پاراستنی عەفرین بڕژێنە سەر شەقامەكان"

رای گشتی ئەوروپا بێننە دەنگ

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا هاوسەرۆكایەتی كۆنگرەی جڤاكی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا (كەجەدەكە) مەترسی نزیكبوونەوەی سوپای توركیا لە عەفرین و كۆمەڵكوژی خەڵك شارەكە دەخاتەڕوو، داواش دەكات بۆ پاراستنی خەڵكی عەفرین، گەلی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەكی مەدەنیانە بڕژێنە سەرشەقامەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "لە رۆژی 50 یەمین هێرشەکانی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، سوپای توركیا تەنها دوو کیلۆمەتری ماوە بگاتە ناوەندی عەفرین، گوندەکانی نزیکی ناوەندی عەفرین و گەڕەکەکانی دەرەوەی عەفرین، بەچڕی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکراون".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوی كەجەدەكە ئاماژە بەوەدراوە: "ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەکی بەپەلە دەستێوەردان نەکەن، هاووڵاتیانی مەدەنی، ژن، منداڵ و بە ساڵاچوو رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە".

ھەروەھا لەو راگەیەندراوە كەجەدەكە بانگەواز دەكات: "دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان لە ئەوروپا بڕژێنە مەیدانەکان، بەشێوەیەکی دیموكراسییانەی ناڕەزایی خۆیان دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین دەرببڕن و رای گشتیی ئەوروپا بێننەدەنگ".

ھ.م