بڕیارێكی عەبادی وەزارەتی پێشمەرگە نیگەران دەكات

عەبادی دەستوور دەخاتە خزمەت بەرژەوەندییەكانی
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حەیدەرعه‌بادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، مووچه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی زیاد ده‌كات و ئاماده‌ش نییه‌ ماف و ئیمتیازاتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بدات كه‌ له‌ یاسا و ده‌ستووری عێراقدا دیاری كراوه‌. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش له‌و بڕیاره‌ی عه‌بادی نیگه‌رانه‌ و به‌ بڕیارێكی ناده‌ستووری و مه‌زهه‌بی وه‌سف ده‌كه‌ن.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بڕیاری زیادكردن و هاوتاكردنی مووچه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركرد. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ لیستی تیرۆردان و داواكراون، هاوكات له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییەكانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ به‌شێك گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌  ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ و پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ تۆمه‌تباركراون. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانیشه‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه‌ به‌پاڵه‌وانی شه‌ڕی داعش و پارێزه‌ری ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ له‌ جیهاندا وه‌سف ده‌كرێن، به‌ڵام عه‌بادی ئاماده‌ نییه‌ تەنانه‌ت مووچه‌شیان پێبدات.

ھەڵگورد حیكمەت، به‌ڕێوه‌به‌ری راگەیاندن و رۆشنبیری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بە كوردستان24 راگەیاند: "حكوومەتی عێراق ناتوانێت، لەو چوارچێوە مەزھەبییەی كە تێدا لە قاڵبدراوە بێتە دەرەوە، ئەمە نیشانەی پرسیار دەخاتەسەر حكوومەتی عێراق و بەتایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە پێویستە وەڵامی بداتەوە، كە بێگومان كارێكی نادەستووری و نا یاساییە".

به‌پێی پرۆژه‌یاسای بودجە‌ی عێراق هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وه‌كو به‌شێك له‌ هێزه‌كانی وشكانی سوپای عێراق ئاماژه‌یان بۆ كراوه‌ و ده‌بێت موچه‌كانیان له‌سه‌ر بودجه‌ی سیادی عێراق بۆ خەرج بكرێت، به‌ڵام به‌ گوته‌ی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق، عه‌بادی به‌پێی یاسا و ده‌ستوور كارناكات و زیادكردنی مووچه‌ی حه‌شدی شه‌عبیشی له‌ ژێر فشار و هه‌ڕه‌شه‌دا كردووه‌.

تارق گه‌ردی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت: "ئەو بڕیارەی عەبادی بۆ ھاوتاكردنی مووچە و ئیمتیازاتی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق، كارێكی نادەستوورییە و فشارێك لەسەر عەبادی ھەیە، لە چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەك سەركردەی حەشدی شەعبی ویستویانە خۆپێشاندان دژی عەبادی بكەن و ھەڕەشەیان كردووە".

زیادكردنی مووچه‌ و پێدانی ئیمتیازات به‌ چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق له‌لایه‌ك و پشتگوێخستن و پێنه‌دانی ماف و ئیمتیازاتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌كی دیكه‌، ره‌نگه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌بن كه‌ ده‌گوترێت حكوومه‌تی عێراق، حكوومه‌تی مه‌زهه‌بی شیعەگه‌راییه‌ و گوێ به‌خواست و مافی پێكهاته‌كانی دیكه‌ نادات.

ھ.م