ئه‌وكاته‌ی توركیا عه‌فرینی داگیركرد ئه‌سه‌د خه‌ریكی سێڵفی گرتن بوو
K24 - هه‌ولێر:
له كاتێكدا ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی سڤیل له بۆردوومانی سوپای سووریا راده‌كه‌ن و هێزه‌كانی رژێمی سووریا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌رده‌وامن له هێرشكردنه سه‌ر هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و له رۆژئاوای كوردستان كه رژێمی سووریا به باكووری سووریا ناوی ده‌بات، سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی نه‌یاری ئه‌سه‌د كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن عه‌فرین داگیر ده‌كه‌ن، به‌ڵام رۆژی یه‌كشه‌ممه 18/3/2018 به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا سه‌ردانی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له غوته‌ی رۆژهه‌ڵات كردووه كه ده‌كه‌وێته نزیك شاری دیمه‌شقی پایته‌خته‌وهو له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كاندا پێده‌كه‌نێت و سه‌رقاڵی سێڵفی گرتنه.
هه‌ژماره فه‌رمییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری سووریا له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، وێنه‌كانی ئه‌سه‌دیان بڵاوكردووه‌ته‌وه كه سه‌ربازه‌كانی له شه‌قامێكدا كه شوێنه‌واری شه‌ڕی پێوه دیاره له به‌رده‌م تانكێكدا له ده‌وری كۆبوونه‌ته‌وه. له‌ژێر یه‌كێك له وێنه‌كان نووسراوه "ئه‌سه‌د له‌سه‌ر هێڵی ئاگره له غوته‌ی رۆژهه‌ڵات و سه‌رۆك ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانانی سوپای عه‌ره‌بی سووریادایه".
ئه‌وه یه‌كه‌مجاره ئه‌سه‌د ده‌چێته ئه‌و ناوچه نزیكه‌ی دیمه‌شق، پاش ئه‌وه‌ی ساڵی 2012 كه‌وته ده‌ست گرووپه نه‌یاره‌كانی رژێمه‌كه‌ی
هێزه‌كانی سوپای سووریا به پاڵپشتی رووسیا، له رۆژی 18/2/2018ـه‌وه ده‌ستیان به ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی فراوان بۆ سه‌ر غوته‌ی رۆژهه‌ڵات كردووه. سه‌ره‌تا به بۆمبا‌باران و بۆردوومانی قورس و چڕ و دواتر هێرشی زه‌مینی و تا ئێستا توانیوویانه 80% ئه‌و ناوچه‌یه بخه‌نه ژێر كۆنترۆڵی خۆیانه‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌سه‌د له كاتێكدابووه، شه‌ڕ و بۆردوومان هه‌بووه‌و ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌وهۆیه‌وه له‌و ناوچانه رایانكردووه كه هێشتا له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی نه‌یاری ئه‌سه‌ددا ماونه‌ته‌وه. ئه‌وان به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه راده‌كه‌ن كه له‌ماوه‌ی مانگی رابردوودا سوپای سووریا ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌ته‌وه و ده‌رچه‌ی بۆ هاتنی ئاواره‌كان كردووه‌ته‌وه.
پێش هێرشه‌كه‌ی سوپای سووریا، ژماره‌ی دانیشتوانی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات 400 هه‌زار كه‌س بووه، به‌ڵام له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا 50 هه‌زار كه‌سیان رایانكردووه‌ته ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆوڵی سوپاكه‌ی ئه‌سه‌د و هێشتا چاره‌نووسی ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ی غوته‌ی رۆژهه‌ڵات به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه. له كاتێكدا ده‌گووترێت به‌هۆی بۆردوومانه چڕه‌كانه‌وه به‌ره‌و ئاراسته‌ی دیمه‌شق رۆیشتوون.