حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی له هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كان راگه‌یاند
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دۆڵی باڵه‌ییانی سه‌ر به ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی بۆردومانكرد و له ئه‌نجامدا 4 هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان شه‌هید بوون، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا، نیگه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی راگه‌یاند.
دزه‌یی له به‌یاننامه‌كه‌دا دووپاتیكرده‌وه، "له كاتێكدا هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بۆ پیرۆزكردنى جه‌ژنى نه‌ورۆز و پێشوازیكردنى ساڵى تازه‌ى كوردى، ڕوویان له ده‌شت و ده‌ر و شاخ و چیاكانى كوردستان كردووه و خه‌ریكى ئاهه‌نگگێڕانن، به‌داخه‌وه به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 22/3/2018، چوار گه‌نجى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌نجامى بۆردومانى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر پێگه‌كانى پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه له ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى، شه‌هید بوون".
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، سه‌فین دزه‌یی هاوخه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدانی ئه‌و بۆردوامنه نیشاندا و گوتی: "وێڕاى هاوده‌ردى و سه‌ره‌خۆشیمان بۆ خانه‌واده و كه‌سوكارى شه‌هیدان، نیگه‌رانیى خۆمان له به‌ئامانجگرتنى دێهات و ئاوه‌دانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌بڕین كه به‌داخه‌وه به‌هۆى بوونى پێگه‌كانى په‌كه‌كه و نزیكییان له دێهات و ئاوه‌دانییه‌كانى ئه‌و ناوچانه، به‌رده‌وام مه‌ترسییان له‌سه‌ره و ئه‌مه بۆ چه‌نده‌مین جاره هاووڵاتیان ده‌بنه قوربانى".
هه‌روه‌ها گوتی "داوا له په‌كه‌كه ده‌كه‌ین ده‌وروبه‌رى دێهات و ئاواییه‌كان چۆڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر هاووڵاتیان نه‌بنه قوربانى".
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا دۆڵی باڵەییانی لە دەڤەری باڵەكایەتی بۆردوومان كرد و بەوھۆیەوە چوار گه‌نجی هه‌رێمی كوردستان شەھیدبوون.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سنووری هه‌رێمی كوردستان چڕ كردۆته‌وه و، له چه‌ندین ناوچه‌ش هێزی پیاده به قوڵایی 10 تا 20 كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت ناوچه سنووریه‌كانی سێكوچكه‌ی نێوان باكوور و باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و، شه‌ڕی سه‌خت له‌نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و سوپای توركیا له‌و ناوچانه ده‌گوزه‌رێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه ترس و نیگه‌رانی له‌لای هاووڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه درووست بووه.
H.B