"دەستەواژەی پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدارە"

فراكسیۆنە كوردستانییەكان رەتیان كردووەتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بوونی دەستەواژەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق نادەستوورییە و مەترسیدارە، پێویستی بە راستکردنەوەیە. ئاماژەی بەوەشدا، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی ناوهێنانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگاکان بوون و ئەو دەستەواژەیان رەتکردووەتەوە.

کاوە محەممەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "یەكێك لە تێبینیەكانی ئێمە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق ئەوەیە كە تێیدا ھاتووە "پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان"، ئەوە دەستەواژەیەكی نادەستوورییە و پێویستی بە راستكردنەوە ھەیە، رامانگەیاندووە كە ئەوەمان قبووڵ نییە، ئەوە داھاتوویەكی مەترسیدارە و قۆستنەوەی ئەو دۆخەیە، كە لە دوای ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھاتووەتە ئاراوە".

ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانی عێراق لە 3/3/2018، بە زۆرینەی دەنگ و بێ گوێدان بە داواكانی كورد. پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 پەسندکرد و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش کۆبوونەوەکەیان بایکۆتکرد.

ھ.م