توركيا هێزى سه‌ربازى ره‌وانه‌ى سنووره‌كانى سووريا و عێراق كرد
K24 – هه‌ولێر:
دواى كشانه‌وه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان له سنوورى شنگال، ئه‌نقه‌ره ده‌ستپێكردنى هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر شنگال راگه‌ياند و ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هێزى زياترى ره‌وانه‌ى بنكه‌كانى له نزيك سنوورى سووريا كرد.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ره‌سمى توركيا (ئه‌نادۆڵ)، بڵاويكرده‌وه، توركيا پشتيوانى سه‌ربازى نوێى به‌ره‌و ئاراسته‌ى يه‌كه‌كانى سوپاى وڵاته‌كه‌ى له نزيك سنوورى سووريا جووڵاندووه و ئه‌و هێزانه گه‌يشتوونه‌ته ويلايه‌تى ئه‌ديمان له باشوورى توركيا.
به گوێره‌ى زانيارى ئه‌و ئاژانسه، كاروانێكى سه‌ربازى پێكهاتوو له 25 بارهه‌ڵگرى تايبه‌ت به تانك و زرێپۆش له ويلايه‌تى ئه‌رزه‌ڕۆمه‌وه به‌ره‌و ناوچه سنوورييه‌كان به‌ڕێخراوون.
دوێنێ شه‌ممه، سوپاى توركيا كۆنترۆڵكردنى ته‌واوى گونده‌كانى سنوورى عه‌فرينى راگه‌ياند، دواى ئه‌وه‌ى له 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018ه‌وه هێرشى ئاسمانى و زه‌مينى بۆ سه‌ر ناوچه‌كه ده‌ستپێكردبوو.
سه‌رله ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 25ى ئازار/ مارسى 2018، سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، فه‌رمانيى ده‌ستپێكردنى هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ى شنگالى ئێزدى نشين راگه‌ياند.
به گوێره‌ى فه‌رمانه‌كه، سوپاى توركيا ئه‌ركييه‌تى ناوچه‌كه له بوونى هێزه‌كانى په‌كه‌كه دابماڵێت.
ده‌ركردنى فه‌رمانى هێرشكردن له لايه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه، دواى ئه‌وه دێت، فه‌رماندارى په‌كه‌كه، له دوو رۆژى رابردوودا رايگه‌ياند، ته‌واوى هێزه‌كانيان له سنوورى شنگال پاشه‌كشێ پێكردووه.
شارۆچكه‌ى شنگالى ئێزدى نشين، له 3ى ئاب/ ئۆگستى 2014دا له لايه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه داگيركرا و دواى نزيكه‌ى دوو ساڵ له داگيركارى له لايه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌وه رزگاركرا.
هێزه‌كانى په‌كه‌كه، له سنوورى سوورياوه، له سه‌روبه‌ندى داگيركردنى شنگال له لايه‌ن داعشه‌وه روويان له ناوچه‌كه كردبوو.
به گوێره‌ى زانيارى بڵاوكراوه‌ى كه‌ناڵى كوردستان24، له ئێستادا له 85%ى خه‌ڵكى شنگال ئاواره‌ن و له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ژيان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
دواين رووداوى سه‌ربازى له شنگال، دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپا و حه‌شدى شه‌عبى بوو بۆ ناوچه‌كه و كشانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه بوو به هۆى خيانه‌تى به‌شێك له به‌رپرسانى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017دا، كه له لايه‌ن خه‌ڵكه‌وه به خيانه‌ى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر ناسراوه.
ئ.ر